مامەڵەی تۆمارکردن و بەناوکردنی ئۆتۆمبێل لە هەرێم دەکرێتە ئەلیکترۆنی؛ وەزارەتی ناوخۆش هۆشداری دەدات

‌

وێستگەنیوز-

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێرەوە، سیستەمێکی نوێی ئەلیکترۆنیی بۆ راییکردنی مامەڵەکانی تۆمارکردن و بەناوکردنی ئۆتۆمبێل خستەگەڕ، ئەمەش لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی حکومەت دێت بۆ بەدیجیتاڵکردنی کەرتی خزمەتگوزاری و بە ئامانجی کەمکردنەوەی رۆتین و خێراکردنی مامەڵەی هاوڵاتییان.


پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی تۆمارکردن و گواستنەوەی خاوەندارێتیی ئۆتۆمبێل، لە ماوەیەکی نزیکدا سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، کە وادەکات کۆتایی بە مامەڵەی باوی کاغەزی بهێنرێت و لە هەمان کاتدا سیستەمی داتاکان لە نێوان فەرمانگەکاندا بە شێوازێکی هاوچەرخ پێکەوە ببەسترێنەوە. لە رێگەی ئەمەشەوە هاوڵاتییان بە کەمترین کات و تێچوو کارەکانیان ئەنجام دەدەن و قەرەباڵغی و نۆرەگرتن نامێنێت.

هاوکات لەبارەی هەنگاوەکانی دیکەی وەزارەت لەم بوارەدا، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، کە دەیانەوێت پارەدانی سزای هاتوچۆش بکرێت بە ئەلیکترۆنی، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە بە پشتبەستن بە سیستەمی بایۆمەتری، سەرجەم پڕۆسە دیجیتاڵییەکان زۆر ئاسانتر دەبن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ تیشکی خستە سەر دۆسیەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان و جەختی کردەوە کە بەهیچ شێوەیەک نابێت ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە لەسەر شەقامەکان بن، چونکە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا سەلامەت نییە بۆ هاوڵاتییان.


AM:09:59:27/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت