موسەنا ئەمین: پشتیوانی لە داواکارییەکانی شاندی هەرێم دەکەین، بەڵام حوکمڕانیی ناوخۆ شەرمهێنەرە


وێستگەنیوز-

شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی بودجە لەگەڵ فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە بەغدا کۆبووەوە؛ لە کاتێکدا سەرکردەکانی یەکگرتوو پشتیوانیی خۆیان بۆ پاکێجی داواکارییەکانی هەرێم لە بەغدا راگەیاند، هاوکات رەخنەی توندیان لە سیاسەتی ناوخۆیی، قۆرخکاریی بازاڕ و قاچاخچێتیی سنوورەکان گرت.


لە سەرەتای کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەیەکی زیاتر لە 3 کاتژمێردا، شاندی هەرێم پڕۆژەی پێشنیازکراوی خۆیان بۆ بودجەی 2027 خستووەتەروو، لە بەرامبەریشدا یەکگرتوو یاداشتێکی 9 تەوەرەیی پێشکەشی شاندەکە کردووە کە داخوازیی سەرجەم چین و توێژەکان لەخۆدەگرێت و جەختی کردەوە کە بەرگریکردن لە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئەرکی سەرجەم هێزە سیاسییەکان و پەرلەمانتارانە چ لە دەسەڵات بن یان ئۆپۆزیسیۆن.

دواتر، دکتۆر موسەنا ئەمین پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتوو لە لێدوانێکدا وتی، داواکارییەکانی شاندی هەرێم لە بەغدا داخوازیی زۆر باش و گەورەن، هیچ ناڕەزایەتییەکیان لەسەر ناوەڕۆکەکەی نییە و بە ئەرکی خۆیانی دەزانن وەک نوێنەری خەڵک بەرگریی لێبکەن، بەڵام کێشەی سەرەکی لە رەفتاری حوکمڕانیدایە لە ناوخۆدا و پێویستە پێش چوونیان بۆ بەغدا، دەست بە چاکسازیی راستەقینە بکەن.

موسەنا ئەمین بە توندی رەخنەی لە سیاسەتە ناوخۆییەکانی حکومەتی هەرێم گرت و بە "شەرمهێنەر" وەسفی کردن و ئاماژەی بەوە کرد، بارگرانیی زۆر خراوەتە سەر هاوڵاتییان لە رێگەی زیادکردنی باج، قۆرخکردنی کەرتی سووتەمەنی و بەنزین لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، لەگەڵ پەکخستنی پەرلەمان و قاچاخچێتی لە دەروازە سنوورییەکان و سەپاندنی گومرک لە نێوان هەولێر و سلێمانی.

پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو بەراوردی لە نێوان دۆخی فەرمانبەران لە هەرێم و بەغدا کرد و روونیکردەوە، لە کاتێکدا لە بەغدا فەرمانبەرانی گرێبەست دوای 2 ساڵ دەکرێنە هەمیشەیی و سێ یەکەمەکان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا دادەمەزرێن، کەچی لە هەرێم فەرمانبەری گرێبەست هەیە 16 بۆ 17 ساڵە دانەمەزراوە و بە چەند سەد هەزار دینارێک کار دەکات.

سەبارەت بە هەڵوێستی وەزارەتی دارایی عێراق، موسەنا ئەمین ئاشکرای کرد کە بەغدا لە رێگەی چەند میکانیزمێکەوە مافی هەرێم پێشێل دەکات، لەوانە گەورەکردنی بودجەی سیادی کە هەندێک جار دەگاتە 50%ی کۆی بودجەی عێراق، لەگەڵ بەکارهێنانی ماددەی "ئینفاقی فیعلی" کە وادەکات پشکی هەرێم کەمبکرێتەوە و تەنانەت بەشی مووچەش نەکات، کە ئەمەش پێویستی بە هەڵوێستێکی هاوبەش هەیە بۆ تێپەڕاندنی.

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، موسەنا ئەمین هۆشداری دا لەوەی دۆخی ئێستای هەرێم پاشاگەردانی و فەوزایە و دەسەڵات دابەشبووە بەسەر دوو زۆندا؛ ئاماژەی بەوەش کرد دەستپێشخەرییەکەیان بۆ ئەوەیە رێگری لە دابەشبوونی یەکجارەکیی هەرێم بکرێت و حکومەتێک لە ئارادا بێت تا ئۆپۆزیسیۆن بتوانێت رۆڵی چاودێریی خۆی بگێڕێت.


PM:03:20:14/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت