وەزیری پەروەردە زانیاری لەبارەی ئەنجامەکانی پۆلی 12، میلاکی مامۆستایان و نەوتی زستانە دەخاتەڕوو
وێستگەنیوز-
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان، زانیاریی وردی لەبارەی رێژەی دەرچووانی پۆلی 12، پرۆسەی رێکخستنەوەی میلاک، بینای نوێی قوتابخانەکان، دابینکردنی سووتەمەنی و دەنگۆی جیاکاری لە وەرگرتنی قوتابیان لە هەندێک ناوەندی خوێندن خستەڕوو.
سەبارەت بە دەرچووانی پۆلی 12، وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد، بە نێودەوڵەتییەکانیشەوە نزیکەی 41 هەزار قوتابی دەرچوون، روونیشیکردەوە کە هۆکاری کەمیی رێژەکە شکستی قوتابیان نییە لە تاقیکردنەوەکاندا، بەڵکو نەچوونیانە بۆ هۆڵەکانی ئەزموون؛ بە جۆرێک تەنیا لە وانەی ئینگلیزی 30 هەزار قوتابی لە خولی دووەمدا بەشدارییان نەکردووە، هەروەها لە وانەکانی دیکەش 24 هەزار بۆ 26 هەزار قوتابی نەچوونەتە تاقیکردنەوەکان بە مەبەستی هێشتنەوەی ساڵەکەیان بە بڕیاری خۆیان، جەختیشی کردەوە کە ئەم گۆڕانکارییە لە ژمارەکاندا سروشتییە، وەک چۆن ساڵی پێشتر 52 هەزار و پێراریش 38 هەزار قوتابی دەرچوو بوون، هاوکات پێشبینی کرد ژمارەی قوتابیانی پۆلی 12 بۆ ساڵی داهاتوو لە نێوان 117 بۆ 123 هەزار قوتابی تێپەڕ نەکات.
لەبارەی رێکخستنەوەی میلاکات، ئالان حەمەسەعید باسی لەوە کرد، 98%ی پەروەردەکان راپۆرتی رێکخستنەوەی میلاکیان پێشکەش کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوە کرد کە میلاکی پەروەردە بەردەوام لە گۆڕاندایە بەهۆی مۆڵەتە جیاوازەکان وەک مۆڵەتی دایکایەتی لە سەرەتای ساڵی خوێندندا، بۆ ئەم مەبەستەش داوایان لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە لە کاتی بوونی هەر کورتهێنانێک، رێگەیان پێبدرێت لەجێگادانان ئەنجام بدەن.
وەزیری پەروەردە ئاشکرای کرد کە ساڵانە لەنێوان 150 هەزار بۆ 165 هەزار قوتابی لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی تۆمار دەکرێن، لە ئێستاشدا لە سەرتاسەری هەرێم زیاتر لە 1 ملیۆن و 750 هەزار قوتابی لە کەرتی حکومی و 170 هەزار قوتابی لە کەرتی ئەهلی دەخوێنن، سەبارەت بە ژێرخانی پەروەردەش روونیکردەوە کە 31 بۆ 32 بینای نوێ بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئامادەن، بەوەش لە ماوەی دوو ساڵی سەختی دارایی و داراییدا زیاتر لە 300 قوتابخانەی نوێ خراونەتە خزمەتەوە (274 قوتابخانە پێشتر تەواوبوون لەگەڵ 32 قوتابخانەی نوێ).
وەزیری پەروەردە دەنگۆکانی بوونی واستە و ناعەدالەتی لە وەرگرتنی قوتابیان لە کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانیی نەمر بە تەواوی رەتکردەوە و جەختی کردەوە کە ئەم ناوەندە قوتابخانەیەکی حکومییە و پەیڕەوی سیستەمی فەرمیی پەروەردە دەکات، وەک نموونەش باسی لەوە کرد: "دوو ساڵ لەمەوبەر ناوی منداڵەکەی خۆمم بە ناوی (ئارین ئالان حەمەسەعید) لە تیروپشکدا بۆ باخچەی ساوایانی ئەو کۆمەڵگەیە نوسی، بەڵام ناوی دەرنەچوو و هیچ ئیستسنا و واستەیەکیشم بۆ نەکرد"، روونیکردەوە هەربۆیە ئاساییە ئەوانەی ناویان دەرنەچووە نیگەران بن.
لە تەوەرەی کۆتاییدا و لەبارەی ئامادەکارییەکانی وەرزی زستان، وەزیری پەروەردە رایگەیاند، رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانیان وەرگرتووە و نوسراو ئاراستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کراوە بە مەبەستی دابینکردنی بەشە نەوتی پێویست بۆ قوتابخانەکان هاوشانی نەوتی ماڵان، دەربارەی ئامێرەکانی فێنککەرەوەش ئاماژەی بەوە کرد، زیاتر لە 24 هەزار سپلیت و 30 هەزار فێنککەرەوە (موبەریدە) لە ناوەندەکانی خوێندندا هەن و لەگەڵ فێنکبوونی کەشوهەوا لە مانگی 10دا کێشەی گەرما نامێنێت و لە ئێستادا سەرنجی سەرەکییان لەسەر دابینکردنی سووتەمەنی زستانەیە.
PM:12:08:13/09/2026
ئهم بابهته 112
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت