مەترسیی لەسەر دارستانەکانی هەرێمە؛ داوا دەکرێت پێش وەرزی سەرما نەوت بەسەر هاوڵاتییاندا دابەش بکرێت
وێستگەنیوز –
رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە هۆشداریی لە تێکچوونی ژینگە و لەناوچوونی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان دەدات و داوا دەکات حکومەت پێش هاتنی وەرزی سەرما، سوتەمەنی بەسەر هاوڵاتییاندا دابەش بکات.
بەپێی راگەیەندراوێکی رێکخراوەکە، ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی پایز و زستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی سوتەمەنی دوا دەخات، ئەمەش وای کردووە نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بێتەوە. ئاماژە بەوەش کراوە کە بەپێی راپۆرتەکانی پۆلیسی دارستان، لەم ماوەیەی دواییدا هاوڵاتییان لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیان بە بڕینەوەی درەختەکان کردووە بۆ خۆگەرمکردنەوە، چونکە سەرما لەو ناوچانە (وەک حاجی ئۆمەران و پێنجوێن) زووتر دەست پێ دەکات.
رێکخراوەکە ئاشکرای کردووە، تەنها لە نێوان ساڵانی 2010 تا 2022، نزیکەی 1 ملیۆن دۆنم دارستان لە هەرێمی کوردستان لەناوچوون یان رووبەڕووی مەترسی لەناوچوون بوونەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە خێزانێک لە ناوچە کوێستانییەکان پێویستی بە لایەنی کەم 10 بەرمیلی 200 لیتری هەیە بۆ وەرزی زستان، دابینکردنی ئەم بڕە پارەیەش لە توانای هاوڵاتییاندا نییە.
سەبارەت بە نرخەکانیش، رێکخراوی ئایندە ئاماژەی بەوە کردووە کە هاوینی ساڵی رابردوو بەرمیلێک نەوت بە 130 هەزار دینار بووە، بەڵام ئێستا لە شاری هەولێر نرخەکەی گەیشتووەتە 270 هەزار دینار و گومان دەکرێت بگاتە 300 هەزار دینار. لە کاتێکدا حکومەتی عێراق هەر بەرمیلێک نەوت بە نزیکەی 30 هەزار دینار دەداتە هاوڵاتییان، بەڵام حکومەتی هەرێم ئەگەر دابەشی بکات، نرخەکەی 110 هەزار دینارە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کراوە پێش هاتنی سەرما دەست بە دابەشکردنی سوتەمەنی بکات، چونکە بەکارهێنانی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ خۆگەرمکردنەوە بۆ هاوڵاتییان گونجاو نییە و ئەگەر سوتەمەنی دابین نەکرێت، بڕینەوەی دارستانەکان بەردەوام دەبێت و کارەساتی ژینگەیی گەورەی لێ دەکەوێتەوە.
PM:01:13:08/09/2026
ئهم بابهته 140
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت