729 خاوەن بڕوانامەی باڵا لە هەولێر داوای دامەزراندن دەکەن و دوو پێشنیاز دەخەنە بەردەم حکومەت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە 8ی ئەیلوولی 2026، نوێنەرانی هەڵگرانی بڕوانامەی باڵای دانەمەزراو لە هەرێمی کوردستان، کە ژمارەیان 729 کەسە، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا داواکارییەکانیان ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێم، حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی دامەزراندنیان.


ئەم خاوەن بڕوانامانە کە دەرچووی ساڵانی 2008 تا 2026ن، ئاماژە بەوە دەدەن کە چەندین ساڵە هەوڵی دامەزراندن دەدەن بەڵام بێ ئەنجام بووە، بۆیە لە ئێستادا دوو داواکاریی سەرەکییان خستووەتە روو:

داواکاری یەکەم: داوا دەکەن لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ی عێراقدا پلەی وەزیفی بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە هەرێم دیاری بکرێت، ئەوان پێیان وایە شایستەی دارایی ئەم دامەزراندنە کەمتر لە 1 ملیار دیناری پێویستە و دەکرێت لە رێگەی "سڕینەوە و لەجێدانان" لە بەشی هەرێم جێگیر بکرێت. جەختیش دەکەنەوە کە بەپێی یاسای ژمارە 59ی ساڵی 2017، مافی دامەزراندن دراوە بە هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا لە هەموو عێراقدا، بەڵام تەنها لە هەرێمی کوردستان بێبەش کراون.

داواکاری دووەم: لە ئەگەری بە ئەنجام نەگەیشتنی داواکاری یەکەم، داوا لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەکەن بڕیاری دامەزراندنیان بە شێوەی گرێبەست بۆ دەربکات. پێشنیاز دەکەن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا وەک مامۆستا لە شوێنی ئەو 1000 کەسەی کە تا ئێستا دەستبەکار نەبوون، دابمەزرێن و مەرجی تەمەنیشیان بۆ لادببرێت.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، نوێنەرانی خاوەن بڕوانامە باڵاکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەوان شایستەترین چینن بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان، چونکە زۆربەیان خاوەنی ئەزموونی وانەوتنەوەن لە کەرتی تایبەتدا و داوا دەکەن لایەنە پەیوەندیدارەکان و فراکسیۆنەکان پاڵپشتی لەم کەیسە بکەن.


PM:12:04:08/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 72 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت