هەڵسوڕاوانی گۆڕان لە گردی زەرگەتە: بە بڕیاری دادگە شەرعییەت لە دانا ئەحمەد مەجید وەردەگرینەوە


وێستگەنیوز-

هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا هەڵوێستی توندی خۆیان دژ بە دانانی دانا ئەحمەد مەجید وەک رێکخەری گشتی بزوتنەوەکە راگەیاند و جەختیان کردەوە کە پەنا بۆ دادگە دەبەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە.


لە بەیاننامەیەکدا کە ئاراستەی رای گشتییان کردووە، هەڵسوڕاوانی گۆڕان ئاماژەیان بەوە کرد، ئەو دەستەیەی ئێستا ناوی گۆڕانی "کوردسات"یان لەخۆ ناوە، کاتێک نەیانتوانی متمانەی زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بەدەستبهێنن، پەنایان بردە بەر رێکارێکی نایاسایی، ئەویش بەکارهێنانی وەکالەتێکی بەتاڵ بوو بۆ سپاردنی دەسەڵاتەکانی رێکخەری گشتی، کە ئەوەش بووەتە سەرچاوەی کێشە ناوخۆییەکان.

بەپێی وتەی هەڵسوڕاوانی گردی زەرگەتە، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، بە بڕیاری ژمارە 13ی ساڵی 2026 لە بەرواری 23/4/2026، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رێکارەکانی کۆمسیۆنی دەرکردووە. بنەما یاساییەکانی بڕیارەکەش بەم جۆرە روونکراونەتەوە:
بەپێی ماددەی 946 لە یاسای مەدەنی عێراق (ژمارە 40ی ساڵی 1951)، بریکارنامە (وەکالەت) بە کۆچی دوایی بریکاردەر لە بەرواری 19/5/2017 کۆتایی هاتووە، بۆیە هەر رێکارێک دوای ئەو بەروارە کرابێت، لە رووی یاساییەوە بەتاڵە.

قبوڵکردنی ئەندامییەتی دانا ئەحمەد مەجید، سەرپێچییەکی ئاشکرای ماددەکانی 19 و 20ی یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان (یاسای 31ی ساڵی 2019) و ماددەی 8ی رێنماییەکانی یاسای پارتە سیاسییەکانە.

هەڵسوڕاوانی گردی زەرگەتە دەسەڵاتدارانی هەرێم تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە رێگەی دەستوەردانی سیاسییەوە لە ناو کۆمسیۆن، هەوڵیان داوە بڕیارێکی دیکە بە پێچەوانەی یاسا و دژ بە بڕیاری دادگە دەربکەن بۆ شەرعییەت دان بەو ئەندامییەتییە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا جەختیان کردەوە: "بە فەرمی تانەی یاساییمان لەم بڕیارە نوێیەی کۆمسیۆن داوە و دڵنیاین وەک رابردوو لە رێگەی یاساوە پوچەڵی دەکەینەوە. خەونی ئەو لایەنانەی دەیانەوێت پرۆژەکەی نەوشیروان مستەفا لەگۆڕ بنێن، خەونێکی نەزۆکە و ئیرادەی دڵسۆزان بە زیندوویی دەمێنێتەوە".


PM:01:17:05/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت