وەزیری سامانە سروشتییەکان: رۆژانە 3.5 ملیۆن لیتر بەنزینی هەرزان دابەش دەکرێت
وێستگەنیوز-
کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت، نوێترین رێکارەکانی وەزارەتەکەی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی رادەگەیەنێت و ئاشکرای دەکات، رۆژانە بڕێکی زۆر بەنزینی نۆرماڵ بە نرخی هەرزان دەخرێتە بازاڕەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی ئابی 2026، وەزیری سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، لە رۆژی شەممە 15ی ئابەوە پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی نۆرماڵی پاڵپشتیکراو بە نرخی 750 دینار دەستی پێکردووە، ئاماژەی بەوەش کرد کە رۆژانە 3 ملیۆن و 500 هەزار لیتر لەو بەنزینە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێت و ئەم هەنگاوەش بە پاڵپشتی راستەوخۆی حکومەت بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە جۆرەکانی دیکەی بەنزین، وەزیر روونی کردەوە کە بەنزینی موحەسەن و سوپەر کەرتی تایبەت هاوردەی دەکات، بەڵام بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا بڕێکی زۆر بخریتە بازاڕەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشار لەسەر بەنزینی نۆرماڵ و دابەزینی نرخی ئەو دوو جۆرە بەنزینە بازرگانییە.
کەمال محەمەد ساڵح تیشکی خستە سەر کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و وتی: "بەغدا تەنیا 1 ملیۆن و 750 هەزار لیتر بەنزین دابین دەکات، لە کاتێکدا نزیکەی 2 ملیۆن و 800 هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمدا هەن، بەو پێیە بێت ئەو بڕەی بەغدا دەینێرێت بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک یەک لیتر بەنزینیش بەرناکەوێت". جەختیشی کردەوە کە گفتوگۆکان بەردەوامن تاوەکو پشکی هەرێم لەسەر بنەمای ژمارەی ئۆتۆمبێل یان دانیشتووان زیاد بکرێت.
بۆ دڵنیابوون لەوەی بەنزینە هەرزانەکە دەگاتە دەستی هاووڵاتییان، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان چاودێرییەکی تووندی خستووەتە سەر تانکەر و بەنزینخانەکان. وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاشکرای کرد، کە سەرجەم تانکەرەکان سیستەمی "جی پی ئێس"یان بۆ دانراوە و لە پاڵاوگەکانەوە تا بەنزینخانەکان چاودێری دەکرێن. هەروەها کامێرای چاودێری لە بەنزینخانەکان جێگیر کراون و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایش و قایمقامیەت رێگری لە هەر لادانێک دەکرێت تا سووتەمەنییە پاڵپشتیکراوەکە بە باشی بگاتە دەستی شۆفێران.
PM:02:29:16/08/2026
ئهم بابهته 208
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت