عەلی حسێن: بەم نزیکانە پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی لوتکە کۆدەبنەوە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی ئابی 2026، عەلی حسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەبۆنەی یادی 80 ساڵەی دامەزراندنی حزبەکەی، تیشکی خستە سەر کێشە سیاسییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان و مژدەی کۆبوونەوەی لوتکەی لایەنە سیاسییەکانی دا.
دەربارەی کێشە سیاسییە ناوخۆییەکان، عەلی حسێن رایگەیاند، هەرچەندە تا ئێستا حکومەت پێکنەهاتووە و پەرلەمان کارا نەکراوەتەوە، بەڵام هەوڵەکانی پارتی لەو بارەیەوە بێوچان بەردەوامن، ئاشکراشی کرد کە "خۆشبەختانە هەوڵەکان خەریکە بە ئامانج دەگەن و لەم رۆژانەدا دانیشتنی لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئاستی لوتکە ئەنجام دەدرێت".
ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەنگاوەکان لە نێوان پارتی و یەکێتی بە ئاراستەیەکی ئەرێنی دەڕۆن بۆ یەکڕیزی و برایەتی، تاوەکو بتوانن هەم پەرلەمان کارا بکەنەوە و هەم حکومەتی نوێی هەرێم پێکبهێنن.
عەلی حسێن باسی لەوەش کرد، کە لە بەغداوە کۆسپ بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت بۆ ئەوەی رێگری لە پێشکەوتنەکانی بکرێت، راشیگەیاند: "مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان مەترسی نین بۆ سەر تەنها لایەنێکی سیاسی، بەڵکو مەترسین بۆ تەواوی هەرێم و لایەنەکان، بۆیە دەبێت بەرژەوەندییە حزبییەکان وەلابنێین و بەرژەوەندی ئەزموونی هەرێم لەبەرچاو بگرین".
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە جەختی کردەوە، کە گرفتی سەرەکی لە کوردستان هەژاری و کەمدەرامەتی نییە، بەڵکو گرفتەکە سیاسییە، وتیشی: "ئەگەر کۆسپە سیاسییەکان هەڵبگیرێن، بە ئاسایی هیچ نامێنێت و کوردستان و میلەتی ئێمە خۆشگوزەران دەبێت و ئامانجەکانی تاکی کورد دێتە دی".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەلی حسێن باسی لە مێژووی 80 ساڵەی پارتی کرد و رایگەیاند، کە پارتی و بارزانی لە هەلومەرجێکی مێژووییدا ئومێدیان بۆ خەڵک دروست کرد و شۆڕشیان لە ناوچەییەوە کردە سەرتاسەری، جەختیشی کردەوە کە پارتی هەمیشە پێشەنگی خەباتی نەتەوەیی دەبێت و رۆڵی مەسعود بارزانی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکەدا بە رۆڵێکی گەورە و کاریگەر وەسف کرد بۆ کۆتایی هێنان بە ناخۆشییەکان.
PM:12:13:16/08/2026
ئهم بابهته 124
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت