مەسرور بارزانی: کێشەی ئێمە مووچە نییە و کێشەمان خاک و پێکەوە ژیان و مافی خەڵکی کوردستانە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک وتارێکی پێشکەشکرد.


مەسرور بارزانی رایگەیاند، "لە هەر جێیەک پارتی نوێنەری کوردستان نەبووبێت مافی پێشێلکراوە، بۆیە دەمانەوێت سەرکەوتن لەسەر ئاستی عێراق بەدەستبهێنن".

ئاماژەی بەوەکرد، "دەمانەوێت نوێنەری راستەقینەی خەڵکی کوردستان بنێرینە بەغدا، بۆ ئەوەی بەرگریی لە مافی دەستووری خەڵکی هەرێم بکات، ئەم هەڵبژاردنە بۆیە گرنگە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانمان هەیە".

مەسرور بارزانی وتی، "پارتی لە خۆشی و ناخۆشیدا لەگەڵ خەڵکی هەرێم بووەوە و شانازی بەوەدەکەین کە خزمەتی میللەتی خۆمان دەکەین".

وتیشی، "ئێمە لەو باوەڕەداین پارتی ناشکێت، چونکە مەسعود بارزانی سەرۆکی ئێمەیە، هەروەها تا دوعای دایکی شەهید و بنەماڵەی شەهید و ئەم جەماوەرە لەگەڵ ئێمە بێت پارتی ناشکێت".

راشیگەیاند، "سەرەڕای ئەم هەموو قەیرانە نەک هەر رانەوەستاین، بەڵکو بەرەوپێشیش چووین".

جەختی لەوەشکردەوە، "زۆر خاڵی دەستووری هەن کە تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراون".

باسی لەوەکرد، "کێشەی ئێمە مووچە نییە و کێشەمان خاک و پێکەوە ژیان و مافی خەڵکی کوردستانە".

سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەڵێت، "عێراق باوەڕی بە فیدراڵی نییە، ئەگەر عێراق فیدراڵی بوایە نەدەبوو ئاوا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات، چونکە ئەو بودجەی کە عێراق بۆ هەرێمی داناوە لە %0.5ە".

دەشڵێت، "ئەگەر پارتی لە پەرلەمانی عێراق بەهێزبێت، رێگری دەکات لەو بەرنامانەی کە دژی هەرێمی کوردستان، هەروەها نابێت رێگە بدەین هیچ کەسێک تەماح بکاتە سەر بستێکی خاکی هەرێمی کوردستان".


PM:03:27:13/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت