عەلی حەمەساڵح: دەبێت بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نەکرێت، بۆئەوەی تەنها دەنگی حزبی دەسەڵات نەبیسترێت


وێستگەنیوز- عومەر ئەحمەد

ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2025، لیستی رەوتی هەڵوێست بەرنامەکانی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی راگەیاند.


لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری وێستگەنیوز ئامادەی بوو، عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست رایگەیاند، "رەوتی هەوڵوێست وەکو هێزێکی رێپێدراوی فەرمی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات".

ئاماژەی بەوەکرد، "گرفتەکانی هەرێمی کوردستان لە هیچ وڵاتێکی دراوسێوە چارەسەر نابێت تەنها لە پەرلەمانی عێراق و بەغداوە چارەسەر دەبێت".

ئەوەشی خستەڕوو، "لەڕێگەی تەوتینکردنی مووچەوە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەهەمان شێوە و لە هەمان کاتدا مووچەی خۆیان وەردەگرن، هەروەها گرفتی پلەبەرزکردنەوە و دەرماڵەکان چارەسەر دەبن".

عەلی حەمە ساڵح وتی، "دەرکردنی یاسای نەوت و گاز و پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم و بە بازاڕکردنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی کۆمپانیای سۆموە کۆتایی هێنانە بە ناکۆکی نەوت و گرەنتیکردنی مووچەی فەرمانبەران".

وتیشی، "دەبێت بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نەکرێت، بۆئەوەی تەنها دەنگی حزبی دەسەڵات نەبیسترێت".


PM:02:54:13/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت