بزووتنەوەی گۆڕان "باڵی گردەکەی زەرگەتە" سکاڵای لەسەر دانا ئەحمەد مەجید تۆمارکرد
وێستگەنیوز- عومەر ئەحمەد
ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی ئەیلولی 2025 بزووتنەوەی گۆڕان "بالی گردەکەی زەرگەتە" سکاڵایان لەسەر دانا ئەحمەد مەجید تۆمارکرد بە تۆمەتی بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی وەکو رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان.
جەلال مستەفا، سەرۆکی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری وێستگەنیوز ئامادەی بوو رایگەیاند، "لە ساڵی رابردوودا بەهۆی چەند کێشەیەکەوە بزووتنەوەی گۆڕان بوو بە دوو بەشەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "لەدوای دابەشبوونی گۆڕان چەندین کۆنفرانسمان کردووە، بەڵام نەگەیشتووین بە ئەنجام، لە هەردوو باڵەکەی گۆڕانەوە هەوڵی نزیکبوونەوە هەیە، هەوڵەکانیش هەر بەردەوامین".
جەلال مستەفا راشیگەیاند، "ماوەی شەش مانگمان بۆ دیاریکراوە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە سێ مانگی رۆشتووە دەبێت لەو ماوەیەدا یان رێکبکەوین یان کۆنفرانس ببەستین".
باسی لەوەشکرد، "لەو ماوەیەدا دانا ئەحمەد مەجید وەک رێکخەری گشتی کار دەکات و دەسەڵاتەکانی بەرکاردەهێنێت، لەکاتێکدا کۆمسیۆن بە چەند نووسراوێک ئاگاداری کردووین لە بزووتنەوەی گۆڕان هیچ رێکخەرێک نییە".
ناوبراو وتیشی، "ئەمڕۆ ئێمە وەک باڵی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردەکە بە وەکالەتی 22 داوای یاسایمان لەسەر دانا ئەحمەد مەجید تۆمارکرد و دەمانەوێت دادگا رێکاری یاسایی لەگەڵ بگرێتە بەر".
PM:02:02:14/09/2025
ئهم بابهته 204
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت