عەلی حەمەساڵح: ئەگەر لەم 15 رۆژدا رێککەوتن نەکرێت، مووچەی شەش مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەخورێت
وێستگەنیوز- عومەر ئەحمەد
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست رایدەگەیەنێت، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت مووچەی شەش مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەخورێت، ئاماژەی بەوەشکرد، نەوت و ژێرخان و مووچەی هەرێمی کوردستان دراوەتە دەست کۆمەڵێک کۆمپانیا.
ئەمڕۆ سێشەممە 9ی ئەیلولی 2025، عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە کۆنگرەیەکدا کە پەیامنێری وێستگەنیوز لە سلێمانی ئامادەی بوو راگەیاند، "ئەگەر لەم 15 رۆژدا رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەرێم نەکرێت، مووچەی شەش مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەخورێت، چونکە عێراق زۆر بە روونی وتویەتی بەبێ نەوت و داهاتی ناوخۆ پارە نانێرم بۆ هەرێمی کوردستان".
ئاماژەی بەوەشکرد، "لەبەر شەش ملیاری شیرینی نەوت کە چووە بانکی کوردستانی ئەهلیی و کەس نەیزانی چی لێهات، نەوت و ژێرخان و مووچەی هەرێمی کوردستان دایە دەست کۆمەڵێک کۆمپانیا".
عەلی حەمەساڵح وتی "لە هەرێمەوە لەگەڵ کۆمپانیاکان داوای رێککەوتنێکی هاوبەش دەکەن کە تیادا هاتووە ئەگەر هەر گرفتێک دروستبوو دەبێت دادگای نێودەوڵەتی یەکلای بکاتەوە نەک دادگای عێراق، عێراقیش دەڵێت ناچار نیم بچمە ژێر باری ئەو رێککەوتنەوە، تاوەکو ئەم ساتە لەسەر دۆسییەی نەوت لەنێوان بەغدا و هەرێم و کۆمپانیاکان رێککەوتن نەکراوە".
وتیشی، "لەگەڵ چوونە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا زۆر قورسە، دوای هەڵبژاردنیش حکومەتی عێراق دەبێت بە کاربەڕێکەر رێککەوتن ناکات، بۆیە دەبێت لەم 15 رۆژەدا رێککەوتن بکرێت".
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست ئاشکرایکرد، "لەو کاتەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە نزیکەی 262 ملیۆن نەوت بەرهەم هاتووە و فرۆشراوە و پارەکەی نادیارە".
عەلی حەمەساڵح لەبارەی دۆسییەکانی لاهور شێخ جەنگی و شاسوار عەبدولواحید ئاماژەی بەوەدا، "ئەو دوو دۆسییە لێک جیاوازن".
هەروەها باسی لە شەڕەکەی لالەزار کرد و رایگەیاند، "کوشتنی منداڵێکی کورد لەژێر هەر بیانوویەک بێت زۆر ئازار بەخشە، ئەمڕۆ 17 رۆژە تەرمێک لە پزیشکی دادە تائێستا بەهۆی زۆری سووتانەکەیەوە نەناسراوەتەوە، دەسەڵات دەبێت پشوو درێژتر بێت لە خەڵکی تر، جوڵاندنی دەبابە و هێز لە کاتژمێر سێی شەو لەژێر هەر ناوێکدا بێت کارێکی خراپە و جێگەی دڵخۆشی نییە نەک بۆ من بۆ هەمووان، دادگا دەبێت بۆ هەمووان وەک یەک بێت و جیاوازی نەکات، من بومایە ئەونە هێزم هەبووایە رێگەی دیکەم بەکاردەهێنا بۆ دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی".
PM:12:02:09/09/2025
ئهم بابهته 264
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت