بەختیار شاوەیس: لە مانگی شەشەوە وازم لە بەرەی گەل هێناوە


وێستگەنیوز-

بەختیار شاوەیس، پەرلەمانتاری پێشووی فراکسیۆنی یەکێتی و لە پەرلەمانی عێراق و وتەبێژی پێشووی بەرەی گەل لەمیانەی روونکردنەوەیەکیدا سەبارەت بەوەی کە هیچ قسەیەکی نەبووە لەسەر رووداوەکانی 22ی ئابی لالەزار رایگەیاند، "لە 2ی حوزەیرانی ئەمساڵەوە من وازم لە بەرەی گەل هێناوە، لاهور شێخ جەنگی کە سەرۆکی بەرەی گەلە ئاگاداری وازهێنانمە لە بەرەی گەل".


ئاماژەی بەوەکرد، "لاهور شێخ جەنگی بەنیازبوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بمکات بە سەرۆکی لیست، بەڵام من وتم وازدەهێنم".

لەمیانەی روونکردنەوەکەدا بەختیار شاوەیس باسی لە 8ی تەموز کرد و وتی، "لە دوای رووداوەکانی 8ی تەموز پشتیوانیم لە لاهور شێخ جەنگی کرد و من لە دەسەڵاتەوە چوومە لای کاک لاهور".

باسی لەوەشکرد، "ئامانجی من ئەوەبوو کێشەی ناوخۆی یەکێتی چارەسەر بکرێت و ئەو دوو ئامۆزایە ئاشت ببنەوە".

وەک خۆشی دەڵێت، "زۆرجار پێم وتراوە بۆچی بەختیار نەرمە بەرامبەر بە یەکێتی، ئەوەش پەیوەندیی بە ناخی خۆمەوە هەبووە کە دەمەویست ئاشتی هەبێت".

لە کۆتایی روونکردنەوەکەشدا بەختیار شاوەیس ئاماژەی بەوەدا، "پاش بیرکردنەوەیەکی قوڵ ویستم لە ماڵی خۆم بە سەربەخۆی دابنیشم".


PM:06:43:01/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 724 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت