وتەبێژی کارەبای سلێمانی: تەواوی ناو شارمان خستووەتە نێو پرۆژەی رووناکی و 602 مۆلیدە کوژێندراونەتەوە
وێستگەنیوز_
سیروان محەممەد، وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی دەڵێت: لە ئێستادا 100%ـی ناو سەنتەری سلێمانی چووەتە نێو پرۆژەی رووناکی و 602 مۆلیدە کوژێندراونەتەوە.
سیروان محەممەد بە وێستگەنیوزی راگەیاند، لە ئێستادا تەواوی ناو شاری سلێمانی، قەزای قەرەداخ، ناحیەی عەربەت و قەزای بەرزنجە چوونەتە نێو پرۆژەی رووناکی.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سنووری سلێمانی 602 مۆلیدەی تۆمارکراو کوژاونەتەوە و هەندێکی دیکەش کە پرۆژەی تایبەتی بوون بە هەمان شێوە کوژێندراونەتەوە و بە کۆی گشتی ژمارەیان دەگاتە 700 مۆلیدە.
بە وتەی وتەبێژی کارەبای سلێمانی: لەناو شاردا 600 فیدەر کارەبا دابین دەکەن و زیاتر لە 10 هەزار کیلۆمەتر تۆڕی کارەبا و زیاتر لە 10 هەزار محاویلەی کارەبا هەیە.
سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئایا قەرزی پێشووی کارەبا لەگەڵ پارەی پرۆژەی رووناکی دەبێت بدرێت یاخود دوو حسابی جیاوازن؟ سیروان محەممەد وتی: قەرزی پرۆژەی رووناکی جیادەکرێتەوە، بەپێی ئەو پلانەی کە هەیە مانگانە پسوڵەی نوێی پرۆژەی رووناکی بۆ هاوڵاتیان دەچێتەوە و دەتوانن لەبەردەرگای ماڵەکانیان پارەکە بدەن.
عومەر ئەحمەد پرسیاری کرد کە، دەوترێت ناتوانرێت لە مانگەکانی زستاندا ئەم شێوازەی پێدانی کارەبا بەردەوامی هەبێت و کەم دەبێتەوە، ئایا ئەمە راستە یاخود پلانی جێگرەوە چی دەبێت؟ لە وەڵامدا وتەبێژی کارەبا رایگەیاند، "بەپێی پلانەکانمان، کارەبا بە هیچ جۆرێک نابڕێت."
سەبارەت بەوەی لە مانگی رابردوودا، لە چەند گەرەکێکی سلێمانی، بە نموونە گەڕەکی کوردسات، چەند جارێک کارەباکەی بڕا و دوو جاریان زیاتر لە 40 خولەک بووە، بەڵام مۆلیدەی گەرەکەکە کاری نەکردووە، لە ئەگەری دووبارە بوونەوەی دۆخی لەم جۆرە پلانی کارەبا چی دەبێت؟ سیروان محەممەد دەڵێت: لە هەوڵداین گرێبەست لەگەڵ مۆلیدە ئەهلییەکان بکرێت لە ئەگەری روودانی هەر گرفتێک لە پێدانی کارەبادا.
AM:11:03:01/09/2025
ئهم بابهته 492
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت