لەناو دادگای سلێمانی چی روویدا؟
وێستگەنیوز_
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ـی ئابی 2025، دووەم دانیشتنی دادگا بەڕێوەچوو و تێیدا دادگای سلێمانی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ'ـی بۆ 2ـی 9ی 2025 دواخست و بڕیاریدا هەر لەدەستبەسەریدا بمێنێتەوە تاوەکو ڕۆژی دادگاییکردنەکەی.
لەنیا بەختیار، پەیامنێری وێستگەنیوز رایگەیاند، بەشێکی هاوڵاتیان و لایەنگرانی نەوەی نوێ لەبەردەم دادگا وەک پاڵپشتییەک ئامادەبوون.
رۆژی پێنجشەممە 21ـی ئابی 2025، یەکەم دانیشتنی دادگا بەڕێوەچوو کە تێیدا بڕیاربوو دادگا بڕیار لەسەر کەیسی شاسوار عەبدولواحید بدات، بەڵام دانیشتنەکە دواخرا.
دادگایی کردنەکە لەسەر سکاڵای شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێیە بە تۆمەتی 'هەرەشە و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی نەشیاو'.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵیت: دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید سیاسییە و بۆ ئەوەیە ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردن بە باشی بەڕێوەنەچێت.
لە دانیشتنی یەکەمیشدا، پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ رایانگەیاند، "بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست دانیشتنەکە دواخرا".
ئەمرۆش بە هەمان هۆکار دانیشتنەکە دواخراوە، ژنێکیش کە خۆی وەک 'خوشکی شەهید' ناساند وتی: "لەناو دادگا توندوتیژی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەرامبەر کراوە".
هەروەها کەناڵی فەرمی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت: "هێزە ئەمنییەکان رێگرییان لە ئەندام پەرلەمانەکانی نەوەی نوێ کرد کە لە هۆڵی دادگا ئامادەبن و هەڵیان کوتایە سەر مەهدی خاکی و داروش عەلی و برینداریان کردن".
لە ئێستاشدا شاسوار عەبدولواحید دادگای سلێمانی بەجێهێشتووە و دۆخەکە ئاساییە، بەڵام هیچ لێدوانێکی فەرمی نییە لەبارەی چۆنییەتی بەرێوەچوونی دانیشتنی دادگاییەکە.
PM:01:05:28/08/2025
ئهم بابهته 996
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت