کاروان گەزنەیی لەبارەی رووداوەکەی لالەزار: هیوادارین یاسا سەروەربێت و حکومەتی هەرێم بڕیارەکانی دادگا جێبەجێ بکات


وێستگەنیوز- عومەر ئەحمەد

ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئابی 2025، کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری وێستگەنیوز لە سلێمانی ئامادەی بوو رایگەیاند، "کۆنفرانسێکی گرنگ لە سلێمانی بەڕیوەدەچێت کە کۆنفرانسی پارتە سۆسیال دیموکراتەکانە لە جیهان و یەکێتی وەک حزبێکی سەرەکی بەشدارە و سەرۆکی یەکێتی یەکیکە لە دەستەی بەڕێوەبەرانی کۆنفرانسەکە، هەروەها ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی جیهانی و عێراقی و هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکە بەشدار دەبن".


کاروان گەزنەیی باسی لە رووداوەکەی لالەزار کرد و وتی، "ئەوپرسە ئێستا لەبەردەم دادگا و دەسەڵاتی هەرێمە، هیوادارین یاسا سەروەربێت و حکومەتی هەرێم بڕیارەکانی دادگا جێبەجێ بکات".

وتیشی، "داواکارین هەموو دەست تێوەردانێکی حزبی لەم بابەتەدا دووربخرێتەوە و یاسا کاری خۆی بکات".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە پرسی مووچە کرد و ئاماژەی بەوەدا، "یەکێتی وەک هێزێکی سیاسی بەشدار لەم پرسەدا هەوڵی باشی داوە بۆ دەستەبەرکردنی سەرجەم شایستەکانی هەرێم، پێشتریش سەرۆکی یەکێتی بەنوێنەرایەتی سەرجەم لایەنەکان چووەتە بەغدا و هەوڵی جدی بۆ ئەم مەبەستە داوە".

ئەوەشی خستەڕوو، "وەک یەکێتی هاوخەمین لەگەڵ ئەم بابەتە و ئومیدەوارین پرسەکە بەرەو چارەسەری کۆتایی بچێت، و هیوادارین هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەم بارەیەوە، چونکە مووچە مافێکی سەرەتایی و سەرەکی مووچەخۆرانە و دەبیت بۆیان دەستەبەر بکرێت".


PM:06:23:27/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 596 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت