بەهۆی رووداوەکەی لالەزاراوە زیانی زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلار بەر پرۆژەیەکی گەشتیاری کەوتووە
وێستگەنیوز- لەنیا بەختیار
لە رووداوەکەی بەرەبەیانی رۆژی هەینی هۆتێل لالەزار بەپێی وتەی دەزگای ئاسایشی هەرێم بێت، سێ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کوژران و 19 بۆ 20 کارمەندی دیکەی هێزە ئەمنییەکان برینداربوون، جگە لەم زیانە گیانیانە زیانێکی زۆری مادیش بەر بینا و ماڵەکانی دەوروبەری هۆتێلەکە کەوتن.
پڕۆژەی شاری خۆر کە بینایەکی تازە و گەشتیاری بوو بەرامبەر هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی یەکێک لەو بینایانەی کە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و بە تەواوی پاشماوەی شەڕەکەی پێوە دیارە.
لەبارەی زیانەکانەوە عومەر فەرەج، خاوەنی پرۆژەی شاری خۆر بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی کە بینومانە ژمارەیەک چەکدار لە رووداوەکەی بەرەبەیانی رۆژی هەینی لە بیناکەی ئێمەوە تەقەیان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە ئەوانیش کاردانەوەیان هەبووە".
ناوبراو وتی، "ئەو هێزە ئەوندە گەورە نەبووە کە پێویست بە تەقاندنی ئەو هەموو گولـلە تۆپ و فیشەکە بکات، ئێمە قسەمان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کرد پێیان وتین سەرەتا وامانزانیوە ئەوە بینای لالەزارە بۆیە تەقەمان لێکردووە".
وتیشی، "بەپێی ئەو خەمڵاندنەی بۆمان کردووە تێچووی بیناکە 25 ملیۆن دۆلاری تێدەچوو، ئەو زیانانەشی بەهۆی شەڕەکەی لالەزارەوە بەر بیناکە کەوتووە لە سێ بۆ چوار ملیۆن دۆلار کەمتر نییە".
لەبارەی قەرەبووکردنەوەشییان عومەر فەرەج باسی لەوەکرد، "ئەو لیژنەی کە پێکهنراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان هاتنە لامان و پێیان وتین بافڵ تالەبانی وتویەتی سەرجەم زیانەکان قەرەبوو دەکەینەوە".
PM:03:07:23/08/2025
ئهم بابهته 2148
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت