عەلی حەمەساڵح: دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید بڕیارێکی سیاسییە
وێستگەنیوز_
عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست لە ناو خۆپیشاندەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی، چەند زانیارییەکی سەبارەت بە پرسی دادگایی کردنی شێروان شێروانی، رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدا و سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاشکرا کرد.
عەلی حەمەساڵح لە ناو خۆپیشاندەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی قسەی بۆ وێستگەنیوز کرد و رایگەیاند، "دەبێت لەم خەباتە بەردەوام و پشوودرێژ بین و کۆڵندەیەن. دەبێت هەرێمی کوردستان لەم چەند رۆژەدا پابەندی ناردنی داهات بێت، دوێنێ شەویش دەسەڵات بەچڕی هەوڵیاندا بۆ ئەوەی خۆپیشاندان بکەین."
وتیشی: "خێزانی تاڵەبانی و بارزانی، پێیان وایە ئەم نەوتە موڵکی ئەوانە. لە 29 مانگی رابردوودا کە نەوت راگیراوە، 264 ملیۆن بەرمیل نەوت فرۆشراوە و داهات سفرە. داهاتی ناوخۆ سەروو دوو ترلیۆن و چوار سەد ملیار بووە و مووچەیەکی لێ نەدراوە. ئەم دەیەوێت هەموو داهات و نەوت بۆخۆی بێت و خەڵکیش بڵێن عێراق تاوانبارە."
سەبارەت بە دادگایی کردنی شێروان شێروانی، رۆژنامەنووس و چالاکوان، عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەکرد: "کەیسێکی تەواو سیاسییە. تۆمەتی ئەوەی دراوەتە پاڵ کە لە ساڵی 2022 هەڕەشەی لە ئەفسەرێکی زێرەڤانی کردووە، ئەفسەری زێرەڤانی بۆچی بەرپرسی زیندانی چاکسازییە؟ دواتر دوو پاسەوانی ئەو ئەفسەرە هاتن و دەستیان بە قورئاندا نا کە کاک شێروان هەڕەشەی کردووە. ئەمە شانۆگەرییەکی سیاسییە و بەهۆیەوە چوار ساڵ و نیو حوکمیان دا."
لەبارەی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست وتی: "هیوادارم دادگا بە شێوەیەکی سەربەخۆیانە مامەڵە لەگەڵ ئەم کەیسە و هەموو کەیسەکاندا بکات. "
لەنیا بەختیار، پەیامنێری وێستگەنیوز پرسی، پێتان وایە بڕیاری دەستگیرکردنەکە سیاسییە؟ عەلی حەمەساڵح وتی: "بەڵێ سیاسییە.. پرسیارەکە ئەوەیە، بۆ چەند ساڵە نەتداوە بە دادگا؟ بەرپرسی بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕیان گۆڕی لەبەرئەوەی سکاڵایەکی خەڵکی وەرگرتبوو.. 10 ساڵ پارێزگاریت لێکرد دەستت خۆشبێت، ئێستا بۆ ئەم پارێزگارییە کۆتایی هات؟ بۆیە دەبێت راستگۆ بم کە پێشووتر بە سیاسی راگیراوە و ئێستا بە سیاسیی دەستگیرکراوە."
PM:12:24:20/08/2025
ئهم بابهته 752
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت