مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی: تا زووە دەست هەڵگرن لە پیلانی تێکدانی گوزەرانی خەڵک
وێستگەنیوز_
مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی خۆپیشاندانێکی ناڕەزایییان دژی نەبوونی مووچە رێکخستووە و دەڵێن: "داواکارین حکومەت، تا زووە دەست هەڵگرێت لە پیلانی تێکدانی گوزەرانی خەڵک".
لە بەیاننامەیەکدا، دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی رایدەگەیەنن، "دەسەڵاتە ناشەرعییەکەی هەرێمی کوردستان، دەستی گرتووە بەسەر سامانی ژێر زەوی و سەرزەوی هەرێم. مووچەی وەک بارمتە گرتووە لەپێناو کۆمپانیاکانی بنەماڵەدا".
دەشڵێت: "ئێمە وەک دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی؛ نەترساوین، نە تەسلیم و نە بێ ئومێد بووین، پێویستە بەناو حکومەتی هەرێم، رێزی ئەو رێککەوتنانە بگرێت کە خۆی واژۆی کردووە."
بە وتەی مامۆستا دڵشاد بابانی، یەکێک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە، "دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی و نانەوتی بەرهەمهاتوو بدەنە بەغدا و کۆتایی بە تراژیدیای بێ مووچەیی بهێنن، هیچ دەسەڵات و حکومەتێک مافی نییە یاری بە قووتی میللەتێک بکات بۆ بەرژەوەندی شەخسی و قاچاخچێتی."
دووپاتیشی کردەوە کە، "برسی کردنی مناڵەکانمان هێڵی سوورە و ئێوەی نابەرپرس بەزاندووتانە، تێکدانی گوزەرانی خەڵک پلانێکی چەپەڵی داگیرکەرانەی ئێوەی نەوت دزە ئەنجامی دەدەن، تا زووە دەست هەڵگرن لەو سیاسەتە نابەجێیە، لەبەرئەوەی بە میکانیزمی جیاوازتر فشارەکان زیاتر دەکەین تا دەگەین بە کەناری ئارامی و گەڕانەوەی ژیان بۆ دۆخی ئاسایی جاران."
وتەبێژی مامۆستایانی ناڕازی ئاماژەی بەوەشکرد، "کە چالاکییەک بە ڕێگاوەیە، لە 40 ساڵی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان و عێراق وێنەی نەبووە، کۆمەڵێک کوڕ و کچی خۆبەخش، لە کوردستانەوە بەرەو بەغدا دەکەونە ڕێ، پاراستنیشیان دەکەوێتە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەی پێیدا تێپەڕ دەبن".
AM:11:24:20/08/2025
ئهم بابهته 740
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت