شێروان شێروانی بە چوار ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن سزادرا
وێستگەنیوز-شاهین فوئاد
ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئابی 2025، دادگای کەتنی بنەسڵاوە سزای چوار ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەر رۆژنامەنووس و چالاکوان شێروان شێروانیدا سەپاند.
عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری وێستگەنیوز لە هەولێر ئامادەی بوو رایگەیاند، "لە دوای کۆتایی هاتنی دانیشتنی دادگا لە بەردەم دادگا بە مەبەستی ئەوەی رێگریمان لێبکرێت لە گواستنەوەی زانیارییەکان بۆ میدیاکان، لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە بە جلی مەدەنییەوە کە دەمامکیان پێوە بوو هێرشکرایە سەر پەرلەمانتاران و کەسوکار و هاوڕێیانی شێروان شێروانی".
ئاماژەی بەوەکرد، "لەم وڵاتە دادگا شانۆگەریەکی زەردو سەوزە و یەکەم شت کە دەبێت خەباتی لەپێناودا بکرێت ئازادی دادگایە".
هەروەها محەمەد عەبدوڵڵا، کە یەکێکە لە پارێزەرانی شێروان شێروانی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "پێمان وایە پێشوەختە حکومی سزادانی شێروان شێروانی درابوو، چونکە بەڵگەی یەکلاکەرەوە نەبوو دادگا بەپێی مادەی 229ی سزادانی عێراقی سزای شێروان شێروانی داوە بە زیندانیکردنی بۆ ماوەی چوار ساڵ و شەش مانگ".
لە دەقی مادەی 229ی یاسای سزادانی عێراقیدا هاتووە، "هەر كەسێك ئیهانە یان هەڕەشە بکات لە فەرمانبەر یان هەر كەسێك راسپێدرابێت بۆ كارێكی گشتی، ئەوا سزادەدرێت بە بەندكردن كە زیاتر نەبێت لە دوو ساڵ و غەرامەكردنی كە زیاتر نەبێت لە دوو سەد هەزار دینار".
محەمەد عەبدوڵڵا وتیشی، "تانە لە بڕیارەکە دەدەین، هیوادارین دادگای تەمیز بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە".
PM:01:32:19/08/2025
ئهم بابهته 812
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت