لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان: پێویستە چارەسەری کێشەی مووچە بکرێت و ڕێگری لەتاڵانکردنی داهات بگیرێت
وێستگەنیوز_
حیزب و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دوای کۆبوونەوەیان لە بارەگای حیزبی شیوعی کوردستان، راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "ئێمە پاڵپشتی لە خۆپیشاندان و چالاكی جەماوەری دەكەین و دژی وەڵامدانەوەی خۆپیشاندەرانیان بەچەک".
بە گوێرەی پەیامە هاوبەشەکەی حیزب و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، "دەبێت چارەسەری کێشەی مووچە بکرێت و ڕێگیری لەتاڵانکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی بگیرێت".
دەقی پەیامەکە:
لە رێكەوتی 16ی 7ی 2025 ئێمە وەك ئەو لایانانەی لە خوارەوە ناومان هاتووە بۆ داكۆكیكردن لە ماف و گوزەرانی هاوڵاتیان كۆبونەوەیەكی هاوبەشمان لە شاری هەولێر ئەنجامدا.
پێمان وایە هەمووئاماژە و قەیرانە هەنوكەییەكان ئەوە نیشان دەدەن چیتر حكومرانی هەرێمی كوردستان ناتوانێت بەم مۆدێلە لە حوكمڕانی بەردەوام بێت.
ئەم مۆدێلەی حكومڕانی وای كردووە لە ئاستی ناوخۆیی و لە پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی خۆسەپێنی بەغداش هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی گشتگیر بكاتەوە.
نەك بوارێك بۆ گەشەپێدان و حوكمڕانی باش و دادپەروەری نەماوەتەوە تەنانەت ئاستی متمانەی هاووڵاتییانیش بە پرۆسەی سیاسی و كۆی ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە خاڵی سفر نزیك بووەتەوە.
لە كاتێكدا نزیكەی سێ مانگە مووچە دابەش نەكراوە، مووچەخۆران لەوپەڕی بێ پارەیی و گوزەرانێكی خراپدان. بازاڕ بەتەواویی چۆڵی پێوە دیارە، ئەم كێشە و قەیرانە تا ئاستی وەستانی ژیان كاریگەری لەسەر كۆمەڵگە هەبووە.
دوای تێپەربوونی هەشت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تا هەنوكە ئامادەنین دەرئەنجامەكانی قبوڵ بكەن، پەرلەمان پەكخراوە و هەر دوولایەنی دەسەڵات خەریكی بەهێزكردنی خەندەقی زۆنی خۆیەتی. لە بەرامبەر ئەوەدا زۆنی هاووڵاتییان و چینی پەراوێزخراوی كۆمەڵگە تا دێت هەست بە نامۆیی و پەراوێزخستنی زیاتر دەكات، بەخودی قەوارەی هەرێمی كوردستانیشەوە.
بەكارهێنانی دەسەڵاتی بەغدا وەك بیانوویەكی ئامادە بۆ پەردەپۆشكردنی قەیرانە ناوەخۆیییەكان و بردنی سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی لە خزمەتی حزبە حكومرانەكان بۆتە یەكێك لە بیانووەكانیان.
#بوونی مەیلی ناوەندێتی و خۆسەپێنی لە ژێركاریگەری دەسەڵاتی سیاسی بەغدا، دژی بە ئەزموونی هەرێمی كوردستان بەشێكی پرسەكەیە. بەڵام، بەشەكەی تری پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە چۆنیەتی بەرێوەبردنی هەرێمی كوردستانەوە هەیە.
ئەم خاڵانەی خوارە داواكاری بەپەلەی ئێمە :
1- چارەسەركردنی كێشەی دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆران .
2- ئاشكراكردنی داهاتی نەوت و نانەوتی و رێگری لە تالانیكردنی بگرێت .
3- پێداچونەوە بە باج و سەرانەو راگرتنی فرۆشتنی كەرتی گشتی بە كەرتی تایبەتی .
4- پاڵپشتی لە خۆپیشاندان و چالاكی جەماوەری دەكەین، سەركۆنەی توندی توندوتیژی و وەڵامدانەوەی بەچەك دژ بە خۆپیشاندەران دەكەین .
5- لە كۆتاییدا هاوڕابووین بۆ رێكخستنی فشاری جەماوەری و سیاسی و درێژە پێدان بە كاری پێكەوەیی لە پێناو مووچە و ژیانی هاوڵاتیان و چارەسەركردنی قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، كە خراپی ئەدای حوكمرانی حزبە دەسەلاتدارەكان یەكێكە لە هۆكارەكانی لاوازبوون و مەترسییەكان .
حزب و لاینە سیاسیەكان
- جولانەوەی نەوەی نوێ
- یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
- رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی
- بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشوریی لە كوردستان.
- حزبی زحمەتكێشانی كوردستان
- بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان
- حزبی شیوعی كوردستان .
PM:02:38:16/07/2025
ئهم بابهته 316
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت