عومەر گوڵپی: حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیتوانی لە داهاتی ناوخۆ سێ مووچە دابەش بکات
وێستگەنیوز_
عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری کوردستان رایدەگەیەنێت، "لەم بارودۆخە ناهەموارەدا، حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمی کوردستان، نائومێدی و نائۆقرەیی بۆ خەڵک دروست کردووە و مووچە دابەش ناکات، ئەوەتا گەیشتووینەتە کۆتایی مانگی 6 بەڵام هێشتا مووچەی مانگی 5 دیار نییە، ساڵی پاریش مووچەی مانگی 12ـیان وا لێکرد".
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا عومەر گوڵپی رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان حکومەت و پەرلەمان و فیدراڵیەتێکی دەستووری هەیە، بەڵام ئەوانەی حوکومڕانی دەکەن، بچووکترین بەخشندەییان بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان نەبووە، بەردەوام ئەرک لەسەر خەڵک زیاتر دەکەن و کۆتا کاریان گرانکردنی کارەبا بوو. لە کاتێکدا خەلک مووچەی مانگانەی خۆی وەرناگرێت."
بە وتەی عومەر گوڵپی، "داهاتی مانگانەی هەرێمی کوردستان زیاترە لە 500 ملیار دینار، بەڵام دەستکاری دەکرێت و ئەم داهاتەش دەکرێتە 350 ملیار دینار. بە درێژایی ساڵی 2024 و پێنج مانگی ساڵی 2025، یەک دیناری داهاتی ناوخۆ بۆ مووچە خەرج نەکراوە، لە ماوەی 17 مانگدا، هەرێمی کوردستان خاوەنی 5 ترلیۆن و 950 ملیار دینار بووە لە داهاتی ناوخۆ، لەو داهاتە تەنها ئەم دوو بوارە خەرجەی هەبووە، یەکەم بۆ خەرجی بەگەرخستنی فەرمانگەکان و وەزارەتەکان و خزمەتگوزاری مانگانە 120 ملیار دیناری خەرج کردووە کە لەو 17 مانگە دەکاتە دوو ترلیۆن و 40 ملیار دینار. لە ساڵی 2024ـدا، 399 ملیار دیناریان ناردووە بۆ بەغدا، لە ساڵی 2025ـیش، تەنها 199 ملیار و 355 ملیۆن دیناریان ناردووە بۆ بەغدا."
ئاماژەی بەوەشکرد، "بە کۆی گشتی لە 17 مانگی رابردوودا هەرێمی کوردستان 598 ملیار و 355 ملیۆن دیناریان ناردووە بۆ بەغدا، ئەم دوو خەرجیە بە خەرجی خزمەتگوزاری ناوخۆ و ئەوەی بۆ بەغدا نێردراوە، دەکاتە دوو ترلیۆن و 638 ملیار دینار، واتە زیادەی داهاتی ناوخۆ لە 17 مانگی رابردوودا، 3 ترلیۆن و 311 ملیار و 645 ملیۆن دینار، ئەم بڕە پارەیە بە تەواوەتی مووچەی سێ مانگ دابین دەکات. بەرپرسان نەهاتن لەم داهاتە تەنها یەک مووچە بدەن و خەڵک بە سکی برسی جەژنی کرد."
وتیشی: "داهاتی نەوت لەو رۆژەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی 3ـی 2023ـەوە راگیراوە، هەموو رۆژێک 320 هەزار نەوت دەفرۆشن، بە پاڵاوگەکانی خۆیان و تەنکەرەکانەوە. لەو 26 مانگەدا 250 ملیۆن بەرمیل نەوتیان فرۆشتووە، ئەگەر تێکڕا بە 32 دۆلار نرخی بەرمیلێک وەرگرین، هەرێمی کوردستان داهاتی 8 ملیار دۆلار بووە لەو ماوەیەدا واتە دەکاتە 11 ترلیۆن و 200 ملیار دینار. ئەگەر ئەو داهاتە نیوەی بۆ دەرهێنان و خەرجی کۆمپانیاکان بێت، ئەوا هەرێمی کوردستان و 5 ترلیۆن و 600 ملیار دینار داهاتی هەبووە."
عومەت گوڵپی باسی لەوە کرد، "بەو پێیە دەبێت ئێستا هەرێمی کوردستان بە داهاتی ئەو 26 مانگە، 8 ترلیۆن و 911 ملیار دینار بێت. مەعقولە وەزیری دارایی دێتە سەر شاشە و بە یەک وشەش باسی داهاتی نەوت ناکات؟"
سەبارەت بە داهاتەکانی دیکە، ئەو ئەندام پەرلەمانە ئاشکرای کرد کە، "تەنها داهاتی بەرێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی 22 ملیار دینارە لە یەک مانگدا، هاتووچۆی هەولێر مانگانە نزیکەی 30 ملیار دینارە و هاتووچۆی دهۆک 20 ملیار دینارە، ئەمە بێجگە لە داهاتی گومرگ کە مانگانە 300 ملیار دینارە".
تەواوی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە..
AM:11:52:23/06/2025
ئهم بابهته 340
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت