گروپی را: ماستەر پلانی پرۆژەی چەرموو سیتی لە چەمچەماڵ جیاوازە لەو ماستەر پلانەی کە لەسەرەتادا هەیبووە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی حوزەیرانی 2025، گروپی را لەسەر سکاڵا دژی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای بەڕێز و وەبەرهێنان لە سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری وێستگەنیوز لە سلێمانی ئامادەی بوو رایگەیاند، "ئێمە سکاڵامان لەسەر کۆمپانیای بەڕێز و وەبەرهێنان و مەلا یاسین تۆمارکردووە، کۆمپانیای ناوبراو پرۆژەیەکی هەیە لە قەزای چەمچەماڵ کە لە ساڵی 2007 مۆڵەتی وەبەرهێنانی وەرگرتووە، ئەو پێشێلکارییە یاساییانەی کە لەو پرۆژەیە هەیە لە هەموو عێراق پێشێلکاری لەوجۆرە نییە".


ئاماژەی بەوەشدا، "ماستەر پلانی پرۆژەکە (پرۆژەی چەرموو سیتی) جیاوازە لەو ماستەر پلانەی کە لەسەرەتادا هەبووە و لەناو پرۆژەکە هیچ پارک و پرۆژەیەکی سەوزایی دروستنەکراوە".

نوێنەری گروپەکە باسی لەوەکرد، "ئێمە سەرجەم بەڵگەکانمان داوەتە دادگا، هەروەها ئێمە بەردەوام دەبین لە بەدواداچوونەکانمان لە قەزاکە".

هەروەها ئەمڕۆ یەکشەممە گروپی کۆمپانیاکانی بەڕێز لەبارەی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر دوو پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا، کۆمپانیاکەمان، لەسەر چەند پرسێکی پەیوەست بە پرۆژەی چەرموو سیتی لەگەڵ هەردوو پەرلەمانتار، مامۆستا فاتیح سەنگاوی و هەڵمەت هۆشیار، لە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان کۆبووینەوە و وەک کۆمپانیای بەرێز هەموو بەرایی و دۆکیومێنتە یاساییەکانی پرۆژەکەمان پێشکەش کردن".

ئاماژە بەوەکراوە، "هەردوولا گفتوگۆمان کرد، ئەوان پرسیاری خۆیان و ئێمەش بەڵگەی خۆمانمان خستەڕوو سەبارەت بەکارەکانی پرۆژەکە و یاساو ڕێنمایی و ڕێگەپێدانە فەرمییەکان)، پاشان دەرکەوت، کە بەڕێزان مامۆستا فاتیح و هەڵمەت هۆشیار ئەندامی ئەو گرووپە نین کە خۆیان وەک گرووپی ڕا ناساندووە، بۆیە کۆمپانیاکەمان پۆزشی بۆ هێنانەوە و ئەو داوایەی کە لەسەر بەڕێزان تۆمارکرابوو، لەدادگا پووچەڵکرایەوە".

هەر لە کۆنگرەکەدا گروپی را ئەوەی پشت راستکردەوە کە کۆمپانیای بەڕێز سکاڵاکەی لەسەر ئەو دوو پەرلەمانتارە کشاندووەتەوە و تەنها سکاڵای لەسەر گروپەکە تۆمارکردووە.


PM:12:38:01/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 980 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت