یەکێتی: پێشنیازمان کردووە دووشەممەی داهاتوو حزبە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە
وێستگەنیوز-
نوێنەرانی یەکێتی لە کۆبوونەوەی پیرمام رایدەگەیەنن، بە گشتی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لە پیرمام کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی بوو، ئاماژەی بەوەشکرد، پێمان وایە لە ماوەی سێ رۆژی دیکەدا کێشەی مووچەی مانگی پێنج چارەسەر دەکرێت.
د. مەجید حەمەئەمین، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و بەشدار لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لە پیرمام لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بە گشتی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لە پیرمام کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی بوو کە زیاتر لە 38 حزب و لایەنی سیاسی تیادا بەشداربوون".
ئاماژەی بەوەکرد، "لە کۆبوونەوەکەدا وەک یەکێتی گلەیمان ئەوەبوو کە بۆچی کۆبوونەوەکە لە سەرۆکایەتیی هەرێم نەبوو، چونکە ئەگەر کۆبوونەوەکە لە سەرۆکایەتیی هەرێم بوایە ئەو حزبانەی ئەمڕۆ بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد دەهاتن".
ئەوەشی وت، "پێشنیازمان کردووە دووشەممەی داهاتوو حزبە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە".
وتیشی، "لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کە کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم لەگەڵ بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، ئەگەر بە قەرزیش بێت مووچەی مانگی پێنج لە بەغدا وەربگیرێت و دابەشبکرێت، هەروەها پێمان وایە لە ماوەی سێ رۆژی دیکەدا کێشەی مووچەی مانگی پێنج چارەسەر بکرێت".
لەبارەی جێهێشتنی کۆبوونەوەکە لەلایەن گۆڕانەوە د. مەجید حەمە ئەمین روونیکردەوە، "دانای ئەحمەد مەجید و برادەرانی گۆڕان کۆبوونەوەکەیان جێنەهێشتووە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کۆبونەوەکە نەبوو".
PM:05:18:31/05/2025
ئهم بابهته 992
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت