قوباد تاڵەبانی: پرۆژەی ڕووناکی لە بەرژەوەندی خەڵکی کەم دەرامەتە؛ ئێمە دەبێت پارەی زیاتر بدەین
وێستگەنیوز_
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆڕبەندی ئابووری دێڵفی لە سلێمانی رایگەیاند، پرۆژەی رووناکی لە بەرژەوەندی خەڵکی کەم دەرامەتدایە و بۆ ئێمە کە ماڵمان گەورەترە، دەبێت پارەیەکی زیاتر بدەین." دەشڵێت: "پرۆژەی هەژماری من دەستبەکار دەبێت."
قوباد تاڵەبانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە کردنەوەی فرۆکەخانەی سلێمانی رایگەیاند، "یەکێک لە تەوەرەکانمان لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی ئایندە، کردنەوەی فرۆکەخانەی سلێمانی دەبێت."
لە وەڵامی پرسیاری عومەر ئەحمەد، پەیامنێری وێستگەنیوز، کە پرسی: "یەکێتی نیشتیمانی کوردستان داوای پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ قوباد تاڵەبانی، ئایا رێککەوتون؟" جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند: "دڵنیابن هیچ پۆستێک بۆ من وەرناگیرێت، هەموو پۆستەکان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە و بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە خزمەت بە خەڵك بکەن."
سەبارەت بە پرۆژەی هەژماری من؛ جێگری سەرۆک وەزیران دەڵێت: چەندین تێبینی لەسەر پرۆژەکە هەبوو، بەڵام خۆشبەختانە ئەو تێبینییانەی کە هەبوو یەکلا بوونەتەوە و پرۆژەکە دەستبەکار دەبێت.
دەربارەی پرۆژەی رووناکی ئاشکرای کرد: "پرۆژەی رووناکی، کە لێکدەدرێتەوە، خەڵک سەیری ئەو نرخە دەکات کە حکومەت دەیدات بە هاوڵاتیان، بەس سەیری ئەو نرخە ناکات کە مۆلیدە ئەهلییەکان دەیدات بە هاوڵاتیان کە نرخێکی یەکجار زۆرە. ئەگەر سەیری ئەو نرخە بکەین کە حکومەت بە نیازە پێشکەشی بکات، پێم وایە ئەم پرۆژەیە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی کەم دەرامەت دەبێت، بۆ ئێمە کە ماڵمان گەورەترە و کارەبای زیاتر سەرف دەکەین، دەبێت پارەی زیاتر بدەین، بەڵام پێم وایە چینی کەم دەرامەت پارەی کەمتردەدەن و کارەبایەکی باشتریان پێدەگات."
قوباد تاڵەبانی وتیشی: هەتا یەکێتی و پارتی هەبن ناکۆک دەبن، دڵنیابن لەوە، دوو حیزبی زۆر جیاوازین، تێڕوانینی زۆر جیاوازمان هەیە، بۆ حکومڕانی، بۆ گەشەکردن، بۆ ژیان و بۆ پەیوەندییەکان، ئەمە زۆر سروشتییە کە دوو حیزبی جیاواز دوو بۆچوونی جیاوازیان هەبێت. بەڵام هەندێک خاڵ هەیە کە خاڵی ستراتیژی و نیشتیمانین، پەیوەندییان بە قەوارە و تەواوی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئەمەیان زۆر ئاساییە کە یەكێتی و پارتی و نەوەی نوێ و لایەنەکانی دیکە، هاوڕابین لەبەر بەرژەوەندی خەڵکی."
ئاشکراشی کرد: "باسمان لەوە کردووە لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەی یەکیتی و پارتی ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی بە زوویی کابینەی نوێ پێکبهێنین."
PM:04:06:18/05/2025
ئهم بابهته 768
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت