میران محەممەد: یەکێتی لەگەڵ هەر کارێکدایە کە بزانێت دەنگ و کورسی کورد کەم ناکات


وێستگەنیوز_

د. میران محەممەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی سلێمانی لە میانی سەردانیکردنی بارەگای نوێی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لقی سلێمانی رایگەیاند: "ئامانجی یەکێتی ئەوە بووە لە ناوچە کوردستانییە کێشەلەسەرەکان زۆرترین کورسی بهێنین، بۆ ئەوەی خەڵک لەو نەهامەتییە رزگار بکەین."

د. میران محەممەد سەبارەت بە رۆڵی کارمەندانی تەندروستی وتی: ئەمرۆ وەکو رێزێک بۆ کارمەندانی تەندروستی و پەرستاران؛ هاتینە خزمەتیان چونکە هەمیشە رۆلێکی کاریگەریان هەبووە. ئەم کارمەندانە لە کاتی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە شەڕەکانی داعش و تەنانەت لە کاتی قەیرانی داراییدا، نەیانهێشت سێکتەری تەندروستی بوەستێت.

هەروەها باسی لەوەکرد: پارێزگاری کەرکووک ئێستا بەدەست یەکێتییەوەیە، دوێنێ بینیم هەمووی خەریکی خزمەتگوزاری و رێگەوبانن، یەکێتی ئەوە ئامانجییەتی.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان وەک یەکێتی، پێیان وایە داهاتوو هەستیارە، هەموو لایەنەکان بێجگە لە کورد خۆیان ئامادەکردووە بۆ هەڵبژاردن، بۆیە یەکێتی و حیزبەکانی دیکەش حیزبی هەڵبژاردنن، "ئێمە هەر شتێک بۆ کورد باشبێت و پێمان وابێت 100 دەنگی کورد بە فیڕۆ ناڕوات، ئێمە لەگەڵ ئەوەین."

جەختیشی کردەوە لەوەی، "هەوڵدەدەین کورسی کەم نەکەین، چونکە لە دوای پرۆسەی سەرژمێری، ئەمە هەڵبژاردنێکی هەستیارە و هاوکێشەی هەڵبژاردن دەگۆڕێت؛ هەر بۆیە، هەر شتێک کورسی کورد کەم نەکات، ئێمە ئەو کارە دەکەین."

سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت، د. میران محەممەد وتی: "کۆبوونەوەکان بەردەوامن، دەبێت ئیشەڵڵا حکومەتی داهاتوو، حکومەتێک بێت لە خزمەت و بەرژەوەندی خەڵک بێت، زوو ناچین حکومەت دروستبکەین، ئارام دەگرین تا ئەو ئامانجە بەدی دەهێنین."

تەواوی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە:


AM:11:33:12/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت