نوێنەری قوباد تاڵەبانی: سکرتاریەتی مام جەلال قەرەبووی زیانلێکەوتووانی بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی دەکاتەوە


وێستگەنیوز_

پاش ئەوەی کاتژمێڕ 04:00ـی بەرەبەیانی دوێنێ شەممە 5ـی نیسان، ئاگر لە بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی کەوتەوە دەوترێت ئەوەی لە ئێستادا زانراوە "زیان بە زیاتر لە 100 دوکان کەوتووە و بەشێکیان بە تەواوی سوتاون"، عەتا محەممەد، نوێنەری قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، "سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال قەرەبووی زیانلێکەوتووانی بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی دەکاتەوە و شارەوانی و کارەبای سلێمانیش سەرپەرشتی نۆژەنکردنەوەی دوکانەکان دەکەن."

نوێنەری قوباد تاڵەبانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، بەپێی دوایین راپۆرت 116 دوکان و چوار شوێنی لەفەفرۆشتن و خواردنی خێرا سوتاون، کە بۆ هەریەکێکیان راپۆرتی زیانەکان ئامادە کراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر کاسبکارێک بەپێی راپۆرتی زیانەکەی لەسەر شوێنی کارەکەی ئامادەکراوە قەرەبوو دەکرێتەوە. وتیشی، لەماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا قەرەبووەکە بەشێوەی کاش دەدرێتە کاسبکارەکان.

ئەوەشی خستەروو، زیانەکان تاوەکو ئەم ساتە بە سەروو یەک ملیار دینار دەخەمڵێنرێت. بڕیاریشە شارەوانی سلێمانی تەواوی بازاڕەکە پاک بکاتەوە و دیزاینی نوێ بۆ بازاڕەکە دابنێت، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانیش سیستمی نوێی کارەبا بە ئامێری نوێوە بۆ بازاڕەکە دادەنێت و رەچاوی سیستمی سەلامەتی و ئاگرکوژێنەوەشی تێدا دەکرێت.


PM:03:18:06/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت