بەشدار بازیانی: دەستمان بۆ کۆمەڵێک بابەتی زۆر هەستیار بردبوو؛ پاپەند دەبین بە ئیتیکی کاری رۆژنامەوانی
وێستگەنیوز_
بەشدار بازیانی، رۆژنامەنووس و میدیاکار، پاش ئەوەی 28 رۆژ لەمەوبەر لە لایەن ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکرا، ئەمرۆ بە دەستەبەری کەسی (کەفالەت) ئازادکرا و پاش پشووەکانی جەژنی رەمەزان، دادگایی دەکرێت.
دوای ئازادکردنی، بەشدار بازیانی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە 28ـی شوبات، لە لایەن چوار مەفرەزەی ئاسایش لەگەڵ هاوپیشەکانم دەستگیرکراین." وتیشی: "دەستمان بردووە بۆ کۆمەڵێک بابەتی زۆر هەستیار کە زانیومانە زیانی بە ئاسایشی نیشتیمانی گەیاندووە، بەکارهێندرابێتین یان نیەتمان بوبێت پرۆگرامێک بکەین کە هەستیار بوبێت و کۆمەڵێک مەلەفی زۆر تایبەتی تێدا بوبێت، هەر کەس زیانمەند بوبێت داوای لێبووردن دەکەین، نیەتی خراپمان نەبووە."
ئاشکراشیکرد، "ئاسایشی سلێمانی مامەڵەیەکی برایەنەیان لەگەڵدا کردم، سوپاسی کونسوڵ و نێردە نێودەوڵەتی و رێکخراوی بەرگری لە ئازادی رۆژنامەنووسی، سەنتەری میترۆ و سەندیکای رۆژنامەنووسان دەکەم."
دووپاتیشی کردەوە، "پاپەند دەبین بە ئیتیکی کاری رۆژنامەوانی."
كاروان ئهنوهر، سكرتێری لقی سلێمانی سهندیكای رۆژنامهنوسانی كوردستان لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا ئامادەبوو وتی: "هیوادارم رۆژنامەنووس کارێک نەکات کە بچێتە دەرەوەی قاڵبی رۆژنامەنووسییەوە و دواتر بە ناچاری یاسای دیکەی لەگەڵدا بەکار بهێندرێت. با کەیسەکان تەنها کەیسی رۆژنامەنووسی بێت."
هەروەها رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ رایگەیاند: "ئێمە رۆژنامەنووسین ئازادین، بەڵام لە هەموو شتێکدا نا، ئازاد نین لەوەی کەرامەتی پیشەکەمان لەکەدار بکەین، ئازاد نین لەوەی ببین بە ئامرازێک بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەی کەسی و کێشەی نێوان سەرمایەدارەکان، ئازاد نین لەوەی لە نێوان پارتە سیاسییەکان بەکاربهێندرێین، ئازاد نین لەوەی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری رۆژنامەنووس تێوەبگلێندرێت."
رەحمان غەریب وتیشی: "لە داهاتوودا "قسەی جددیمان دەبێت لەسەر میدیای هەواڵگری، لایەن هەیە پارەی رشتووە بۆ میدیا و بۆ رۆژنامەنووسان؛ دامودەزگای حیزبەکان میدیا بۆ ململانێکان و تەسفییاتی سیاسی و کەسی بەکاردەهێندرێن."
دووپاتیشی کردەوە کە، "ئێمە پشتیوانی لە هەڵەی پیشەیی رۆژنامەنووسان دەکەین، بەڵام بابەتێک کە پەیوەندیدار بێت بە بابەتی بەکارهێنانی میدیا بۆ تەسفیەی حسابات و بابەتی کەسی، بێگومان ئێمە دژی دەبین."
PM:12:29:27/03/2025
ئهم بابهته 772
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت