بەبۆنەی کۆتاییهاتن بە ئەرکەکەی؛ بەرپرسی WHO لە عێراق سەردانی وەزارەتی تەندروستی کرد


وێستگەنیوز_

لە مەراسیمی کۆتاییهاتنی ئەرکی د. جۆرج ئەلفرێد، بەرپرسی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق، ناوبراو سەردانی وەزارەتی تەندروستی کرد. د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی-WHO وەکو هاوبەشێکی سەرەکیی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی کاری هاوبەش و پێکەوەییانمان کردووە.

ئەمرۆ یەکشەممە، 26ـی کانوونی دووەمی 2025، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا د. سامان بەرزنجی وتی: "خۆشحاڵین کە لەگەڵ ڕێکخراوی WHO باشترین پەیوەندییمان هەیە لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان؛ ئێمە وەک وەزارەتی تەندروستیی دوو جار لە کۆبوونەوەی فراوانی نێودەوڵەتی وەزیرانی تەندروستی لە جنێف، بەشدار بووین، ئەو پەیوەندییە بووە مایەی ئەوەی ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان سوود لەو ڕێکخراوە وەربگرین."

ئاماژەی بەوەشکرد، "سوودەکان تەنیا لە نۆژەنکردنەوەی دامودەزگای تەندروستیی و دەرمان نەبووە، بەڵکو لە ڕووی زانستیی تەندروستیی و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان و خولی ڕاهێنان و شارەزا بوون لە ڕێکخراوە بیانییەکان و ڕاسپاردەکان ولێکۆڵینەوەکانیدا بووە."

باسی لەوەشکرد "ڕێکخراوی WHO لە ساڵانی ڕابردوودا، بەتایبەتی لە سەردەمی کۆرۆنا تاکو ئێستا، زیاتر لە 15 ملیۆن دۆلار بە پڕۆژە جیاوازەکانیان پاڵپشتیی وەزارەتی تەندروستیی بوون."

لای خۆیەوە د. جۆرج ئەلفرێد، بەرپرسی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق گوتی: "سوپاسی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، شەرەفمەندم سەردانی کوردستان و وەزارەتی تەندروستیم کردووە و سوپاسی تەواوی کارمەندەکانی دیکەش دەکەم، سوپاسی تەدرۆس ئەدانۆڤیش، بەهەمووان دەگەیەنم."

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە گفتوگۆی زۆر بەرهەمدارمان هەبووە و لە ساڵانی ڕابردووشدا دەستکەوتی باشمان هەبووە، لەو کاتەی پەتای کۆرۆنا دەستیپێکرد ئێمە وەکو ڕێکخراوەکە، هاوکاری تەواوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو پەتایە ببێتەوە، بۆ ئەوەی باشتر سیستەمی تەندروستیی پێشکەشی هاووڵاتییانی بکات، لەسەر بنەما و تەکنیکی باش."

د. جۆرج ئەلفرێد، بەرپرسی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق  ڕاشیگەیاند "ئێمە توانیومانە پێکەوە لە ژێر سەرکردایەتیی وەزارەتی تەندروستیی چەندان پڕۆژەی گرنگ بکەین، بۆ هاوکاریی نەخۆشانی هەرێمی کوردستان."


AM:10:59:26/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت