تەحالوفی 188 لە شاری سلێمانی: عێراق یەک سەدە چووە دواوە
وێستگەنیوز_
پاش پەسەندکردنی پرۆژەیاسای باری کەسێتیی ژمارە 188ـی ساڵی 1959 لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، تەحالوفی 188 لە شاری سلێمانی رایدەگەیەنێت: ئەنجومەنی نوێنەران بە ڕێککەوتنی کوتلە جیاوازەکان سەودای بە ژیانی تەواوی کۆمەڵگەوە کرد.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تەحالوفی 188 لە شاری سلێمانی دەڵێت: ڕۆژی سێشەمە 21ـی 11ـی 2025، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ڕێککەوتنی حزب و کوتلە جیاوازەکان سەودا و مامەڵەی بە ژیانی تەواوی کۆمەڵگەی عێراقەوە کرد، بەتایبەتی منداڵان و نەوجەوانان و ژنان و خێزان.
ئاماژەی بەوەشکردووە: ئەمە لە کاتێدایە کە سەدان ڕێکخراو و تۆڕی جیاواز پێکەوە لەسەر وەستاندن و ڕەتکردنەوەی هەمواری یاسای باری کەسێتی ژمارە 188ی سالی 1959کارمان کرد و بەهێزترین تۆڕ دروستکرا لە سەرتاسەری عێراق بەناوی تەحالوفی 188. لە ناوخۆی عێراق و کوردستان کۆبونەوەی جەماوەری و یاداشت بۆ پەرلەمانتارانی عێراق نێردراو نارەزایەتی زۆر بەهێز ڕیکخراو و بە ڕوونی و لێکەوتەوە کاریگەریە نەرینیەکان خرایە ڕوو، هەمان کات مەترسی دەرچواندنی یاساکە لە ناو یاساناسان، دادوەردان، پاریزەراندا خرایە ڕوو کە یاسایەکی لەم چەشنە چەند کۆمەڵگا بەرەو دواوە دەبات ژیان و سەلامەتی منداڵان و نەوجەوانان و ژنان وخێزان دەخاتە مەترسیەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، "ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ناوخۆی و جیهانیەکان کاری زۆرمان بۆ وەستاندنی هەموارەکە و پەیوەندی بە نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەژانسەکانی وەك (یو ئێن وۆمەن، یونیسیف، یوین ئیف پی ئەی و ئامنستی ئەنتەرناشناڵ و پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا و کونسوڵخانەکانەوە کرا. بەڵام بەداخەوە تەوژمی کۆنەخوازی و پیاوسالاری بەپەلە پرۆژەکە فریا کەوتن دەنگ بۆ یاسایەك بدەن کە بۆ سەدەکانی ناوەراستیش شیاو نییە."
تەحالوفی 188 لە شاری سلێمانی دەڵێت: کە ئەمە ئەبێت بە پەڵەیەکی رەش و شەرمەزاری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و جێگەی پرسیارە لە لایەن نێردەی ولاتان و کونسەڵگەریەکان و ساڵانە ئاراستەی عێراق دەکرێت.
باسی لەوەشکرد، لە رێی ئەم هەموارەوە دەست خراوەتە سەر دوو برگە کە یەکێکیان ماددەی 2 کە گەرانەوە بۆ مەزهەبی شیعی و سووننە لە رێی نوسینی مدەوەنەیەکەوە کە ئەبێت یاسا پابەند بێت پێوەی. کە ئەمەش دەبێتە هۆی پەرت بوون و بەش بوونی کۆمەڵگا لەسەر بنەمای مەزهەب ، زیاتر کۆمەڵگای عێراق بۆ تاریکی و ناپارێزراوی دەبات.
هەروەها "هەڵوەشانەوەی برگە 5 لە ماددەی 10 لە هەمان یاسا کە زیاتر لە 15 ساڵە هەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ رێگریکردن لە هاوسەرگیری لەدەرەوی دادگا، بەم هەموارە دادگا ناچار دەکات هەمو هاوسەرگیریەکانی دەرەوی دادگا پەسەند بکات و هیچ دەسەڵاتێک بۆ دادوەر و دادگاکان ناهێڵیتەوە."
هاوکات لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئەوەی خستەڕوو: ئێمە وەك تەحالوفی 188ی شاری سلێمانی سەرکۆنەی ئەم بڕیارە دەکەین و بە یەکیك لە نامرۆڤانەترین یاساکانی ئەم سەردەمە و، بە پاشەکشەیەکی مێژووی دادەنێن، لە لایەکی تر دژی دەستوری عیراق و یاسا کارپێکراوەکان و پێچەوانەی پەیماننامەو رێککەوتنامە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە مافی منالان ومافی مرۆڤە، پیشێلکردنی سەروەری یاساو ئەنجومەنی دادوەریە ،پێچەوانەی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەلاتەکانە.
باسیان لەوەشکرد، لە هەمان کاتدا ئەمە یەکەمین جارە لە پەرلەمانی عێراق 3 پرۆژە یاسا بەیەک جار دەنگی لەسەربدرێت کە ئەمەش پێجەوانەی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانە.
لە کۆتاییدا بە ڕوونی و ڕاستەخۆ ڕایدەگەیەنین بۆ رای گشتی و حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان کە ئێمە "بەهیج جۆریك ڕێگە نادەین یاسایەکی لەو چەشنە جێبەجێ بکرێت لە هەرێمی کوردستان دا بە هەموو جۆریك خەبات دەکەین بۆ هەر یاسایەك کە پەیوەست بێت بە مافی مرۆڤ و پرسەکانی ژنان و منداڵان و خێزان. لە هەمان کات هاوپشتی خۆمان دەردەبرین بۆ ئەندامانی تەحالفی 188 لە بەغداد و تەواوی عێراق هاوکارو پالپشتیان دەبین لەخەباتی مەدەنی و یاسایی و هەموو رێککارێک دەگرینە بەر بۆ رێگریکردن لەم هەمواری یاسای باری کەسێتییە وجێبەجێکردنی."
PM:12:12:22/01/2025
ئهم بابهته 264
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت