شاسوار عه‌بدولواحید: پارتی‌ به‌ داواكارییه‌كانی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ رازی‌ نابێت به‌شداری‌ حكومه‌ت ناكه‌ین


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی‌ جوڵانه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ رایگه‌یاند كه‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كه‌ هه‌وڵی‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌ت ده‌دات، ئاماده‌ی شه‌ش وه‌زاره‌ت به‌ وه‌زیر و بریكار و به‌ڕێوه‌به‌ره‌گشتییه‌كانیشه‌وه‌ بداته‌ جوڵانه‌وه‌كه‌یان، ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌ر پارتی‌ به‌ داواكارییه‌كانی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ رازی‌ نه‌بێت به‌شداری‌ حكومه‌ت ناكه‌ن".


ئه‌مڕۆ شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆكی‌ جوڵانه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان وتی‌: "تا چوارشه‌ممه‌ی‌ داهاتوو په‌رله‌مانی‌ كوردستان كۆنه‌بێته‌وه‌، سه‌رۆكی‌ ته‌مه‌نی‌ په‌رله‌مان ده‌ست له‌كارده‌كێشێته‌وه‌ و ده‌بێته‌وه‌ به‌ په‌رله‌مانتارێكی‌ ئاسایی".

وتیشی‌: "كوشته‌ی‌ پۆست نین و به‌لامانه‌وه‌ گرنگ نییه‌. ئه‌گه‌ر بێڕێزی‌ و كاری‌ نایاسایی به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان بكرێت به‌شێك نابین لێی‌".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "به‌پێی‌ یاسا دبوایه‌ له‌ ماوه‌ی‌ 45 رۆژدا یه‌كه‌م دانیشتنی‌ په‌رله‌مان بكرایه‌ و په‌رله‌مانتاران سوێندیان بخواردایه‌ و ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌ڵبژێردرایه‌، به‌ڵام نه‌یان كرد، ئه‌مه‌ش لێكه‌وته‌ی‌ یاسایی هه‌یه‌ و پارتی‌ و یه‌كێتی‌ به‌ ده‌ره‌جه‌ی‌ یه‌ك لێی‌ به‌رپرسن".

سه‌رۆكی‌ جوڵانه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ "له‌ دانیشتمان له‌گه‌ڵ‌ وه‌فدی‌ پارتی‌ رایانگه‌یاند كه‌ ئاماده‌ن ته‌واوی‌ شه‌ش وه‌زاره‌ت بده‌نه‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ. پارتی‌ ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه‌ كه‌ جگه‌ له‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت و سه‌رۆكی‌ هه‌رێم هه‌موو پۆستێكی‌ تر شایه‌نی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قسه‌ی‌ له‌سه‌ر بكه‌ین و باسی‌ ئه‌وه‌شیان كردووه‌ كه‌ 30 به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ و 20 بریكار و پۆستی‌ دیكه‌ی‌ سیدیمان ده‌درێتێ‌".
وتیشی‌: "قسه‌ی‌ كۆتایی ئێمه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شداری‌ حكومه‌تێك ناكه‌ین ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتمان نه‌بێت و به‌م سیغه‌یه‌ی‌ ئێستا وه‌كو ئۆپۆزسیۆن ده‌مێنینه‌وه‌"

سه‌رۆكی‌ جوڵانه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ ئاشكراشیكرد كه‌ "ئه‌گه‌ر له‌ داهاتوودا یه‌كێتی‌ و پارتی‌ نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن و پارتی‌ رازی‌ بوو پۆستی‌ سیادی‌ و خاوه‌ن بڕیار و ئه‌وانه‌ی‌ داوامانكردووه‌ بداته‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ، به‌ڵام ئه‌و خاڵانه‌ی‌ داوامانكردووه‌ كه‌ 16 خاڵه‌ و داومانه‌ به‌ پارتی‌ جێبه‌جێ نه‌كرێت، وه‌كو ئۆپۆزسیۆن ده‌مێنینه‌وه‌".

راشیگه‌یاند كه‌ "بۆ ئه‌وانه‌شی‌ كه‌ پێیانوایه‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ ده‌چێته‌ پاڵ‌ ئه‌م و ئه‌و یان رێكه‌وتنی‌ ژێربه‌ژێری‌ هه‌یه‌، یه‌ك قسه‌ هه‌یه‌ بۆ مێژوو به‌ هه‌موو لایه‌كی‌ راده‌گه‌یه‌نم، "ئه‌گه‌ر یه‌كێتی و هێزه‌كانی دیكه‌ راستده‌كه‌ن و نایانه‌وێت سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ پارتی بێت، بابێن رێكبكه‌وین و كه‌سێك دیاری بكه‌ن من و 15 په‌رله‌مانتاره‌كه‌م به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانین كه‌سه‌كه‌ كێیه‌ ده‌نگی پێده‌ده‌ین و یه‌ك وه‌زاره‌تیشمان ناوێت به‌ڵام له‌ پارتی‌ نه‌بێت".


PM:06:07:18/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 1508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو