ماوەی چوار رۆژە بڵێسەی ئاگر باڵی بەسەر شاری لۆس ئەنجلوس کێشاوە
وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد
ماوەی چوار رۆژ دەبێت بڵێسەی ئاگر باڵی بەسەر شاری لۆس ئەنجلوسی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا کێشاوە و سەرەڕای هەوڵی هەزاران ئاگرکوژێنەوە و بەکارهێنانی سیستمە پێشکەوتووەکانی ئاو ئاگرەکە هەر بەردەوامە و کۆنترۆلنەکراوە و باری نائاسایی راگەیەندراوە لە شارەکە.
بەرپرسان دڵیان بەوەخۆشبوو کە کەمبوونەوەی خێرایی با یارمەتی دەردەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، بەڵام زەوییە وشکەکان بڵێسەی ئاگرەکەیان زیاتر دەکرد.
بەهۆی ئاگرەکەکەوە تائێستا 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و بەرپرسانی ئەمریکا پێشبینی ئەوە دەکەن ژمارەی گیانلەدەستدان بەرزبێتەوە.
ئاگرەکە 10 هەزار باڵەخانەی سووتاندووە و 180 هەزار کەسیش ماڵەکانیان چۆڵکردووە و 166 هەزار دانیشتووی دیکە لەژێر هۆشداری چۆڵکردندان، واتە رەنگە پێویست بکات بەم زووانە ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.
هەروەها گەڕەکی هۆڵیودی بەناوبانگ کە داواکرا چۆڵ بکرێت، بەڵام دوای کۆنترۆڵ کردنی لە بەیانیی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو داواکارییەکە هەڵگیرا.
کۆشکی سپی زیانی ئاگرەکەی بە 150 ملیار دۆلار مەزەندەکردووە، تائێستا بە دیاریکراوی هۆکاری ئاگرەکە نەزانراوە و بەرپرسانی ئەمریکا لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامە تەنها توانراوە کەسێک دەستگیربکرێت، بەڵام وەک پۆلیس ئاماژەی پێکردووە بەڵگەی پێویست لەبەردەستا نییە بۆ تۆمەتباربوونی.
سەربازانی پاسەوانی نیشتمانی ئەمریکا لە هەندێک ناوچەی شارەکەدا جێگیرکراون بۆ رێگریکردن لە تاڵانکردن لە ناوچە چۆڵکراوەکان، بڕیارە زیاتریش جێگیربکرێن، هەروەها بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس 20 کەسی بە تۆمەتی تاڵانیکردن دەستگیرکردووە.
ئەو کەسایەتییە ناودارانەی کە ماڵەکانیان لەدەستداوە بریتین لە مێل گیبسۆن، لیتۆن میستەر و ئادەم برۆدی کە تەنها چەند رۆژێک لەمەوبەر بەشدارییان لە ئاهەنگی گۆڵدن گڵۆب کردووە، ئەکتەر جەیمس وۆدز و پاریس هیڵتۆن.
بەشێک لە کۆمپانیا و رێکخراوەکانی جیهانی هەڵمەتی بەخشینیان دەستپێکردووە بۆ ئەوکەسانەی بەهۆی ئاگرەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
AM:08:49:12/01/2025
ئهم بابهته 312
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت