یه‌كه‌م لایه‌نی‌ سیاسی‌ پشتیوانی‌ خۆی‌ بۆ بایكۆتی‌ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران راگه‌یاند


وێستگه‌نیوز-
ره‌وتی‌ هه‌ڵوێستی‌ نیشتمانی‌ وه‌ك یه‌كه‌م لایه‌نی‌ سیاسی‌ كوردستان پشتیوانی‌ خۆی‌ بۆ بایكۆتی‌ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران راگه‌یاند كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ سنووری‌ سلێمانی‌ ده‌ستی‌ پێكردووه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ سه‌ردار قادر وته‌بێژی‌ ره‌وتی‌ هه‌ڵوێستی‌ نیشتمانی‌ له‌ شاری‌ سلێمانی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ ئاراسته‌ی‌ رای‌ گشتی‌ كوردستان كرد و تیایدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ ره‌وته‌كه‌یان پشتگیری‌ ته‌واوی‌ بایكۆتی‌ فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كات و داواش له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانیان ده‌كه‌ن به‌شداری‌ چالاكانه‌ی‌ بایكۆت بكه‌ن له‌ سه‌رتاسه‌ری‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا.

سه‌ردار قادر ده‌ڵێت: "له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ داوا له‌ حكومه‌تی‌ عێراق ده‌كه‌ین به‌ زوویی بڕیاری‌ دادگای‌ فیدڕاڵی‌ بۆ ته‌وتینی‌ مووچه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن و چی‌ تر مووچه‌خۆران نه‌كرێنه‌ قوربانی‌ و چاره‌نووسیان نه‌درێته‌ ده‌ست ده‌سه‌ڵاتی‌ شكستخواردووی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان".

وتیشی‌: "سه‌رجه‌م په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی‌ خۆمان خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی‌ مووچه‌ راسته‌وخۆ له‌ به‌غداده‌وه‌ بگاته‌ مووچه‌خۆرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان".

راشیگه‌یاند كه‌ ره‌وته‌كه‌یان به‌شداری‌ هه‌ر گردبوونه‌وه‌ و خۆپیشاندانێك ده‌كات كه‌ له‌لایه‌ن مامۆستایان و مووچه‌خۆران و فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ رێكبخرێت".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ سبه‌ینێ‌ 5ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌مه‌، به‌ڵام تا ئێستا فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان مووچه‌ی‌ هه‌ردوو مانگی‌ رابردوو "تشرینی‌ یه‌كه‌م" و "تشرینی‌ دووه‌م"ی ئه‌مساڵیان وه‌رنه‌گرتووه‌ و هیچ واده‌یه‌كیش بۆ دابه‌شكردنیان دیار نییه.

به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ به‌شێك له‌ مامۆستایانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڕیاریانداوه‌ نه‌چنه‌ ناو هۆڵه‌كانی‌ خوێندنه‌وه‌ و بایكۆت بكه‌ن.

 ساڵی‌ پاریش حكومه‌تی‌ هه‌رێم مووچه‌ی‌ مانگه‌كانی تشرینی یه‌كه‌م 10، تشرینی دووه‌م 11، كانوونی یه‌كه‌م 12ی 2023ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی دابه‌ش نه‌كرد.


PM:05:11:04/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 5316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت