كه‌سوكاری پێشمه‌رگه كوژراوه‌كه‌ی سلێمانی ماڵی یه‌كێك له تۆمه‌تباره‌كانیان سووتاند
وێستگه‌نیوز-
كه‌سوكاری داستان مەحمود ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی لیوای1، فەوجی سێ لە ماڵی مام جەلال لە بەغدا كه مانگێك له‌مه‌وبه‌ر لەبەردەم بنکەی پۆلیسی کوردسات لە شاری سلێمانی ته‌قه‌ی لێكرا و بریندار كرا و ئه‌مڕۆ گیانی له‌ده‌ست دا، ماڵی یه‌كێك له تۆمه‌تباره‌كانیان سووتاند.
ئەمڕۆ 24ی تشرینی دووەمی 2024، داستان مەحمود حەمە ئەمین، پێشمەرگەی لیوای1، فەوجی سێ لە ماڵی مام جەلال لە بەغدا، دوای مانەوەی بۆ ماوەی مانگێک لە نەخۆشخانەو لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکدا، کە لە لایەن کەسێکەوە بە سێ فیشەک تەقەی لێ‌کرا، گیانی لەدەستدا.
له كاردانه‌وه‌ش به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره و به‌هۆی ده‌ستگیرنه‌كردنی تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه، كه‌سوكاری ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه ئه‌مڕۆ چوونه‌سه‌ر ماڵی یه‌كێك له تۆمه‌تباره‌كان و ئاگریان تێبه‌ردا.
یەکێک لە بنەماڵەکەی داستان مەحمود، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بکەری ئەم کارە لە 24ی تشرینی یەکەمی 2024، لە ناو بکەی پۆلسی کوردستان لە شاری سلێمانی بە سێ فیشەک تەقەی لە کورەکەمان کرد و تا ئێستاش بکوژەکە دەستگیر نەکراوە."
ئەو لەبارەی بکوژەکانەوە ئەوەی خستەڕوو، " کەسێک بەناوی "فەرهاد" کە لە سکرتاریەت، لیوای یەک دەوام دەکات، یەکێک لەو بکوژانەی کە ئامۆزایەکی ئێمەی کوشتووە، هەروەها بکوژەکەی دیکەش کە داستانی کووشتووە، برازای فەرهادە و مولازمە، بەڵام نازانم چۆن ڕێگەی پێدراوە بەچەکەوە بچێتە ناو بنکەی پۆلیسی کوردسات".
باسی لەوەش کرد، "لەوکاتەوە ئەم کورەی ئێمە چووەتە ژوورەوە بێ چەک بووە، بەڵام نازانم ئەو مولازمە چۆن بەچەکەوە چووەتە ژوورەوە، ئەبێت پۆلیس ڕوونکردنەوە لەوبارەوە بدات"، وتیشی، "لەوکاتەدا بکوژەکە لە نهۆمی دووەمی بنکەی پۆلیسی کوردسات، میلی چەکەکەی ڕاکێشاوە ئامادەکاری بۆ کوشتنی کوڕەکەی ئێمە کردووە، کاتێک کوڕەکەی ئێمە لە پلیکانەکان دێتە خوارەوە لەناو هۆڵەکەدا لەبەردەم پرسگە سێ فیشەکی لێ دەدات."
ئه‌و كه‌سه‌ی بنەماڵەی کوژراوەکە وتیشی: "داوا لە هەر یەک لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، دەکەم دۆسیەی کوژرانی داستان مەحموود حەمە ئەمین بگرنە ئەوستۆ و با یاسا سەروەر بێت."
داستان مەحمود حەمە ئەمینی تەمەن 40 ساڵ، پێشمەرگەی لیوای1، فەوجی سێ بوو لە ماڵی مام جەلال لە بەغدا دەوامی دەکرد، خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە، لە ڕووداوێکی تەقەکردندا کە لە 24ی تشرینی یەکەمی 2024 روویدا، لە لایەن کەسێک بە ناوی فەرهاد کە لە "سکرتارییەت" لیوای1 دەوامی دەکرد، بە سێ فیشەک تەقەی لێکرد، ئەمڕۆ دوای مانەوەی بۆ ماوەی مانگێک لە نەخۆشخانەو لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکدا گیانی لەدەستدا.
PM:07:13:24/11/2024
ئه‌م بابه‌ته 528
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت