زانکۆی سلێمانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەدەست دەهێنێت
وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا
ئەمرۆ چوارشەممە 9ـی 10ـی 2024، پڕۆفیسۆر دكتۆر كۆسار محەمەد عەلی، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، زانکۆی سلێمانی پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەدەستهێنا.
دکتۆر کۆسار لە درێژەی وتەکانیدا وتی: زانکۆی سلێمانی لە 'ڕیزبەندیی زانکۆکانی جیهان – (WUR) World University Rankings'ـدا، کە لەلایەن دامەزراوەی 'تایمز – Times Higher Education'ـی بەریتانییەوە ئەنجام دەدرێت، پلەی یەکەم لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەدەست دەهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرتاسەری عێراقدا، تەنها 21 زانکۆ، بەهۆی ئەوەی گشت مەرجەکانی دامەزراوەی تایمز-ـیان تێدایە، ڕیزبەندییان بۆ کراوە. زانکۆ بەشداربووەکانی تر، کە ژمارەیان 58 زانکۆیە، نەیانتوانیوە بچنە ڕیزبەندییەکەوە و تەنها بە "Reporter” ناسێندراون؛ واتە مەرج و داواکارییەکانی دامەزراوەی ناوبراویان تێدا نییە.
سەرۆکی زانکۆی سلێمانی باسی لەوەشکرد، دامەزراوەی تایمزی بەریتانی، شانبەشانی دامەزراوەی شانگەهای و دامەزراوەی کواکەرێلی سیمۆندس، یەکێکە لە سێ سەرەکیترین ئەو دامەزراوانەی لە سەر ئاستی جیهان چەندین ڕیزبەندیی جیاجیا بۆ زانکۆکان دەکات؛ گرنگترینیشیان، "ڕیزبەندیی زانکۆکانی جیهان”ە، کە یەکێکە لە بەناوبانگترین و گشتگیرترین ڕیزبەندییەکان و لە هەڵسەنگاندنی زانکۆکاندا پشت بەم پێوەرانەی خوارەوە دەبەستێت.
- Teaching (ژینگەی فێربوون)
- ڕێژەی خوێندکارانی دکتۆرا بەبەراورد بە بەکالۆریۆس
- ڕێژەی مامۆستایانی هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا
- داهاتی زانکۆ
- ڕێژەی خوێندکاران بەبەراورد بە مامۆستایان
- ناوبانگ لە وانەوتنەوەدا (لەڕێی ڕاپرسییەوە وەردەگیرێت)
- Research Environment (ژمارە و ناوبانگیتوێژینەوەکان)
- ژمارەی توێژینەوەکان
- فەندی توێژینەوەکان
- ناوبانگی توێژینەوەکان (لەڕێی ڕاپرسییەوە وەردەگیرێت)
- Research Quality (کاریگەریی توێژینەوەکان)
- کاریگەریی ئاماژەپێدانەکان
- ئاستبەرزیی توێژینەوەکان
- بەهێزیی توێژینەوەکان
- کاریگەریی توێژینەوەکان
- Industry (گواستنەوەی زانیاری)
- بەڵگەنامەی مافی خاوەندارێتی
- فەندی توێژینەوەکان
- International Outlook (بەنێودەوڵەتیبوون)
- توێژینەوەی هاوبەشی نێودەوڵەتی
- ستافی وانەبێژی نێودەوڵەتی
- خوێندکارانی نێودەوڵەتی
- ژمارەی ئەو خوێندکارانەی لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن
وتیشی: "هەرچەندە یەکەم جارە زانکۆی سلێمانی لەم ڕانکینەدا 'هەڵسەنگاندنە' بەشداری دەکات، توانیویەتی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت و ببێتە پێشەنگی گشت زانکۆکان لە سەرتاسەری عێراقدا. ئەم سەرکەوتنە مەزنەی زانکۆی سلێمانی شانازییەکی گەورەیە بۆ سەرجەم مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆکە و شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان."
PM:03:10:09/10/2024
ئهم بابهته 1796
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت