عوسمان زیندانی: یه‌كێتی‌ و پارتی‌ له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌ترسن و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن


وێستگه‌نیوز-
عوسمان زیندانی كاندیدی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان پێیوایه‌ كه‌ ئه‌م جاره‌ هاوسه‌نگی‌ سیاسی‌ له‌ هه‌رێم به‌ راده‌یه‌كی‌ دیاریكراو ده‌گۆڕێت، ده‌شڵێت: "یه‌كێتی‌ و پارتی‌ له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌ترسن و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن".


عوسمان زیندانی كاندیدی‌ ژماره‌ 2ی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان بۆ وێستگه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن رایگه‌یاند كه‌ "یه‌كێتی‌ و پارتی‌ نایانه‌وێت ده‌ستووری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بنووسرێته‌وه‌".

عوسمان زیندانی وتی‌: "یه‌كێتی‌ و پارتی‌ له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌ترسن، به‌داخه‌وه‌ خه‌ڵكیان خه‌ڵه‌تاندووه‌ و ده‌ڵێن هه‌ڵبژاردن فشه‌یه‌ و هه‌ر خۆمان ده‌رده‌چینه‌وه‌ هیچ گۆڕانكارییه‌ك دروست ناكات".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "یه‌كێتی‌ و پارتی‌ له‌ 1992 به‌س مێژوو و ته‌زوریریان هه‌بوو سه‌دا 89 و شتێكیان هێنا، ئێستا مێژوو، ته‌زویر، ترساندنی‌ خه‌ڵك، خه‌ڵه‌تاندن و هێزی‌ نێوده‌وڵه‌تییان له‌گه‌ڵه‌ و خواخوایانه‌ پێكه‌وه‌ سه‌دا 60ی‌ ده‌نگه‌كان بهێنن".

به‌ڵگه‌شی‌ بۆ ئه‌و قسه‌یه‌ی‌ به‌وه‌ هێنایه‌وه‌ كه‌ "وه‌زیره‌كان به‌ 3 مانگ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تیان نه‌ده‌بینی‌، به‌ڵام ئێستا ده‌چێت بۆ چاخانه‌ی‌ مچكۆ، ته‌نكه‌ قیرتاوه‌كانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ كه‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ده‌یكات، پێیده‌ڵێن، ته‌نكه‌قیرتاوی‌ هه‌ڵبژاردن".

وتیشی‌: "گه‌ر ترسیان له‌ هه‌ڵبژاردن نه‌بێت، ئه‌م هه‌موو ریكلامه‌، ئه‌م هه‌موو پاره‌یه‌ ، ئه‌م هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌ خه‌ڵك واتای‌ چی‌".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ "حزبی‌ شیوعی‌ به‌ درێژایی مێژووی له‌ هه‌ڵبژاردن نه‌ترساوه‌ و "پێش هەموو حزبەکان داوامان کرد هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت".

له‌به‌شێكی‌ تری‌ لێدوانه‌كه‌یدا عوسمان زیندانی‌ باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ "یه‌كێتی‌ ناتوانێت بیڕووخێنێت و پارتیش راستی‌ نه‌كرد كاتێك نێچیرڤان بارزانی‌ وتی‌ كوردستان به‌هێز ده‌كه‌ین، به‌ڵام بێهێزی‌ كرد. نێچیرڤان بارزانی‌ وتی‌ هه‌موو هاوڵاتییه‌كی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ پشكی‌ ده‌بێت له‌ نه‌وتدا، ئه‌م درۆ گه‌وره‌یه‌ كوا".

ئه‌و كاندیده‌ی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان پێیوایه‌ كه‌ ده‌نگدانی‌ ئه‌م جاره‌ "هاوسه‌نگی‌ سیاسی‌ به‌ راده‌یه‌كی‌ دیاریكراو ده‌گۆڕێت".

داواشی‌ له‌ ده‌نگده‌ران كرد، به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، به‌ڵام "ده‌نگ مه‌ده‌ن به‌وانه‌ی‌ كوردستانیان بێهێز كرد، ده‌نگ مه‌ده‌ن به‌وانه‌ی‌ هه‌لی‌ كاریان نه‌ڕه‌خساند، ده‌نگ مه‌ده‌ن به‌وانه‌ی‌ كۆنترۆڵی‌ كوردستانیان كردووه‌ و رۆژانه‌ رۆژنامه‌نووس ده‌گرن و لێیده‌ده‌ن، ده‌نگ مه‌ده‌ن به‌وانه‌ی‌ مافی‌ ژن پێشێل ده‌كه‌ن، ده‌نگ مه‌ده‌ن به‌وانه‌ی‌ كه‌ ئاو، كاره‌با، خوێندن و نه‌خۆشخانه‌یان كردووه‌ به‌ پاره‌، كه‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ به‌رپرسی‌ یه‌كه‌من".


PM:10:01:06/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 2496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو