چۆمان محەممەد: دەستوور هەبوایە هەرگیز یەکێتی و پارتی نەیاندەتوانی خۆیان بە خاوەنی هەڵبژاردن بزانن


وێستگەنیوز_هێڤار هیوا

چۆمان محەممەد، سەرۆکی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان لە بازنەی سلێمانی رایدەگەیەنێت، "دەستوور هەبوایە هەرگیز یەکێتی و پارتی نەیاندەتوانی خۆیان بە خاوەنی هەڵبژاردن بزانن". 

ئەمرۆ شەممە 5ـی 10ـی 2024، چۆمان محەممەد، سەرۆکی لیستی گۆڕان لە بازنەی سلێمانی لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی 'وێستگەی هەڵبژاردن' کە لە لایەن ئارام سەعید پێشکەشدەکرێت و شەوانە کاتژمێر 09:00 لە پەڕەی فەرمی وێستگەنیوز لە فەیسبووک پەخشدەکرێت؛ رایگەیاند، کێشەی هەرێمی کوردستان نەبوونی دەستوورە، "ئەگەر دەستوور هەبوایە قەت بەم جۆرە نەدەبوو؛ ئێستا یەکێتی و پارتی خۆیان بە خاوەنی هەموو شت و تەنانەت هەڵبژاردنیش دەزانن".

سەبارەت بە ناکۆکییەکانی ناو بزووتنەوەکە؛ چۆمان محەممەد دەڵێت: "گردی زەرگەتە لە کۆنەوە سیمبولی بەگژداچوونەوەی نادادی و گەندەڵی بووە، بەڵام ئەو هەنگاوەی لەلایەن کاک چیا و کاک نماوە نرا نەدەبوو دەستی بۆ ببرێت". 

هەروەها ئاشکراشیکرد کە ناکۆکی لە نێوان کادر و ئەندامەکانیاندا هەیە و وتی: "بەداخەوە نایشارینەوە ناکۆکی و ململانێی حزبی و تێڕوانینی جیاواز لە بزووتنەوەی گۆڕاندا هەیە. دەبوو لەم هەڵبژاردنەدا دەست نەبرێت بۆ ئەم ململانێیانە هەتا دوای هەڵبژاردن و تەنها پێشینە بدرێت بە تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بۆ ئەوەی لیستی 114 سەرکەوتوو بێت. چونکە هەندێک ململانێ هەیە زیانی بۆ کاراکتەر و حزب و لایەنەکان دەبێت."

دەربارەی دانانی رێکخەری نوێی بزووتنەوەی گۆڕان بە وەکالەت، چۆمان محەممەد باسی لەوە کرد، "بەر لەوەی ئەم نارەزاتییانە بکەوێتەوە لەسەر دانانی 'دانا ئەحمەد مەجید'، هەموو ئاراستە جیاوازەکان کۆکبوون لەسەر ئەوەی کاک دانا ببێتە رێکخەری گشتی، بە بێ ڕکابەر و هەر خۆی بێت. لە رابردووشدا چەندین کەس پێیان وتراوە فەرموون ئەم بەرپرسیارییەتیە وەرگرن، بەس کەس نەیتوانیوە ئەو بەرپرسیاریەتییە هەڵگرێت. بۆیە ئێستا دەبێت هاوکاری بکرێت کە لەم کاتەدا بەرپرسیاریەتی وەرگرتووە نەک رەخنەی لێبگیرێت و کێشەی بۆ دروستبکرێت." 

"حزبەکانی تر ژیانی سیاسییان پڕیەتی لە کەموکوڕی، بارگرانی بۆ ژیانی فەرمانبەران و خانەنشینان. پڕیەتی لە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی و کاری هەڵە، هێشتا کەسیان ئامادەنین دانبنێن بە هەڵەی خۆیاندا. بەڵام گۆڕان حزبێکی نیشتیمانییە و بنچینەکەی خەڵکە، باوەڕی بەوە هەیە کە بەشداریکردنمان لە حکومەت هەڵە بووە و دانی پێدا دەنێین"، سەرۆکی لیستی گۆڕان وای وت.

باسی لەوەشکرد، "نیەتی چوونمان بۆ ئەم حکومەتە لەسەر بنچینەی پاکێج و چاکسازی و نەمانی دەستی حزب و گەندەڵی بووە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووین و داوای لێبوردن دەکەین. ناچینەوە حکومەت لە قۆناغەکانی داهاتوودا."


PM:11:04:05/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت