عیرفان عەبدولعەزیز: بارودۆخی هەرێم تێکبچێت ئەوانەی دەسەڵاتیان هەیە تا سەر ئیسقان زەرەر دەکەن


وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا

عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە پرۆسەى بانگەشەى هەڵبژاردنەکانى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە شاری هەولێر رایگەیاند، "بارودۆخی هەرێم تێکبچێت ئەوانەی دەسەڵاتیان هەیە تا سەر ئیسقان زەرەر دەکەن و خەڵکەکە ئەوەندە زەرەر ناکەن."

ئەمرۆ شەممە 5ـی 10ـی 2024، عیرفان عەبدولعەزیز بە لایەنگرانی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستانی راگەیاند، "ئێمە دەزانین واقعی هەرێمی کوردستان چییە بۆیە شتێک دەڵێین کە بتوانین جێبەجێ بکەین."

رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی هەرێمی کوردستان بە چەترێکی دڕاو ناوبرد و وتی: ئەمرۆ چەترێکی دڕاو هەیە ناوی هەرێمی کوردستانە، لەناو ئەو چەترەدا دوو ئیدارەیی هەیە کە هەولێر و سلێمانییە. نە هەولێر قسەی سلێمانی دەخوێنێتەوە، نە سلێمانی قسەی هەولێر دەخوێنێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کاتی هەڵبژاردندا ئەو هێزانە هیچ نامێنێت بەیەکتری نەڵێن، لە فەزح کردنی یەکتری و بەزاندنی هێڵە سوورەکان. بەڵام پاش هەڵبژاردن زۆر ئاسایی لەگەڵ یەک دادەنیشن و ئەم رەفتارانەشیان ناویان ناوە پەتای هەڵبژاردن، کە ئەمە کارێکە دوورە لە ڕەوشت."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عیرفان عەبدولعەزیز ئاشکرایکرد، "ئیستا دەسەڵات دەبینێت چواردەوری بووەتە ئاگر و لە هەر چرکەیەکدا ئەگەری هەیە عیراق و هەرێمی کوردستان بگرێتەوە؛ بەو بۆنەیەوە، کاتی خۆیەتی دەسەڵات پێداچوونەوە بەخۆیدا بکات و رەخنە لە خۆی بگرێت، ئەگینا ئەگەر بێت و بارودۆخەکە تێكبچێت، ئەوانەی دەسەڵاتیان هەیە تا سەر ئیسقان زەرەر دەکەن و خەڵکەکە ئەوەندە زەرەر ناکەن."

سەبارەت بە لایەنە سیاسییەکانی دیکە، باسی لەوەکرد، "ئەوانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتن و هەندێک دروشمی گەورە هەڵدەگرن، دەبێت بزانن کە ئەم هەرێمە واقعێکی هەیە کە بەرگەی کۆمەڵێک دروشمی گەورە ناگرێت. دەبێت بزانێت دوو ئیدارەییە و ناکرێت وابزانن لە سویسرا و وڵاتانی دیکەن و بە دڵی خۆیان قسە بکەن." 

لە کۆتاییشدا دووپاتیکردەوە، "ئەوەی دەیڵێین، حەز دەکەین بە رەفتار و کرداریش هەروابین، ئەوەی عەقڵ و واقع سەلماندوویەتی، ئێمە ئەوەمان کردووە نەک قسەیەک بکەین بۆ میدیا یاخود بۆ فریودانی خەڵک. ئێمە قسەیەکمان کردووە؛ پرۆژەیەکمان داوەتەوە کە لە قازانجی ئەو هەرێمەدا بێت کە گیانمان پێی بەخشیوە، سەدان شەهیدمان لە پێناویدا داوە، بۆیە سوپاس بۆخوا قسەی ئێمە هەمیشە جیاوازی هەبوو لەگەڵ قسەی خەڵکی تر."


PM:07:15:05/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 2060 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو