پێکهاتەی تورکمان: بۆ ئەوەی بتوانین مافی خۆمان وەربگرینەوە بریارماندا بەشداری هەڵبژاردن بکەین
وێستگەنیوز_
ئەمرۆ پێنجشەممە 3ـی 10ـی 2024، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر، محەممەد سەعدەدین، کاندیدی تورکمان لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکان بەرنامەی کاریان بۆ پەرلەمان خستەڕوو و رایگەیاند، "بەشداری هەڵبژاردن دەکەین بۆ ئەوەی مافەکانمان بگێڕینەوە."
محەممەد سەعدەدین، کاندیدی تورکمان رایگەیاند، "لە ماوەکانی پێشتردا، بە بریاری دادگای فیدراڵی عێراق، بریارێک دەرچوو بوو کە تێیدا ژمارەی کورسی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسیەوە بوو بە 100 کورسی؛ لەو ژمارەیەش هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان نەکرابوو."
ئاشکراشیکرد، "ئێمە وەک پێکهاتەکان، ئەوکات بریارمان دا بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەین، هەوڵماندا سکاڵای خۆمان بگەیەنینە نێردەی وڵاتان، کونسوڵخانە، حزب و لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی ئەو مافەمان بۆ بگەرێندرێتەوە، پاشان کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ سەرۆک بارزانی ئەنجامدا؛ و پاش بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەندێک فشار زیادبوون لەسەر ئەم لایەنانەی ئەم بریارەیان دابوو."
"پاش ئەوەی سکاڵامان لە دادگای فیدراڵی پێشکەش کرد و سکاڵای پێکهاتەکان لە دەستەی دادوەری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، هەر بۆیە دەستەی ناوبراو بریاریدا لە کۆی 100 کورسی، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخانبکرێت بە جۆرێک 3 کورسی بۆ مەسیحییەکان و 2 کورسی بۆ تورکمانەکان." محەممەد سەعدەدین وای وت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان وەک تورکمان بریاریانداوە بەشداری هەڵبژاردن بکەن بۆ ئەوەی بتوانن "مافی خۆیان وەربگرنەوە لە دژی ئەو ناهەقیەی بەرامبەریان کراوە."
محەممەد سەعدەدین وتیشی، "کاتێک ئێمە دەچینە پەرلەمان، هەوڵدەدەین یاساکان جێگیربکرێن، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستوورێکی جێگیری هەمیشەیی هەبێت و هەوڵدەدەین دەستوور بنوسینەوە. لەو دەستوورە نوێیەدا هەوڵدەدەین مافی تورکمان و پێکهاتەکان دەستەبەر بکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا جارێکی دیکە رووبەرووی هیچ ناهەقییەک نەبینەوە و پاش ئەوەی مافەکانمان لە پەرلەمانی کوردستان دەستەبەر کرد؛ 11 کورسییەکەش بگەرێنینەوە چونکە ئەم پێنج کورسییەی ئێستا گوزارشت لە ژمارەی راستەقینەی پێکهاتەکان ناکات."
PM:12:29:03/10/2024
ئهم بابهته 1544
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت