فراکسیۆنی پارتی هۆکاری دەنگنەدانی بەیاسای دادگای فیدڕاڵی ئاشکراکرد
فراکسیۆنی پارتی
وێستگەنیوز-
دوای ئەوەی ئەمشەو پەرلەمانی عێراق لەکۆبوونەوەیەکدا بەئامادەبوونی زیاتر لە 200 پەرلەمانتار و بەزۆرینەی دەنگ هەمواری یاسای دادگای فیدڕاڵی پەسەندکرد، لەناو فراکسیۆنە کوردستانییەکاندا یەکێتی پشتیوانی هەموارەکەی کرد و فراکسیۆنەکانی پارتی و هاوپەیمانی هیواش دەنگیان بەیاساکە نەدا، پەرلەمانتارێکی پارتیش رایگەیاند، "هەمواری یاساکە هەنگاونانە بەئاڕاستەی لاوازکردنی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، چونکە مافی دیاریکردنی دادوەرانی دادگای باڵای فیدڕاڵی لەسەر پشکی کورد لەئەنجومەنی دادوەری هەرێم وەرگیرایەوە".
ناسر هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق بە وێستگەنیوزی راگەیاند، فراکسیۆنەکەیان پشتیوانی هەمواری نوێی یاسای دادگای فیدڕاڵی نەکرد، چونکە پێشوتر برگەیەک جێگیرکرابوو کە 9 ئەندامەکەی دادگای فیدڕاڵی بەهەماهەنگی نێوان ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی، داواکاری گشتی و ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان دیاریدەکران و پاشان سەرۆک کۆماری مەرسومی دەستبەکاربوونی بۆ دەردەکردن، بەڵام لەسەر خواستی لایەنەکان شیعە و "لەسەر داواکاری لایەنێکی کوردی" ناوی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان لابرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەنگاوەش بەئاڕاستەی لاوازکردنی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان دەبینن و "چۆن وەڵامی خەڵکی خۆمان بدەینەوە، چونکە ئەوان دەیانەوێت کەسانی لاواز و بەناوی کورد دابنرێت وەک تەها محێدین مەعروف و سەرکردەکانی دیکەی رژێمی پێشو لەسەر پشکی کورد حساب بکرێن".
پشکی هەرێمی کوردستان لەدادگای باڵای فیدڕاڵی کە لەنۆ ئەندام پێکهاتووە، بریتییە لە دو ئەندام و ئەندامێکی یەدەگ، بەگوێرەی هەموارەکەش کە ئەمشەو پەرلەمان دەنگی لەسەردا سێ دادوەرەکەی کورد لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری عێراقەوە دیاریدەکرێن.
پەیوەست بەتێپەڕاندنی یاساکەش بە زۆرینەی دەنگ لەکاتێدا بەگوێرەی دەستور پێویستی بە دەنگی 220 پەرلەمانتارە، ناسر هەرکی وتی، سەرۆکی پەرلەمان لەکۆبوونەوەکەدا هۆکاری پەسەندکردنی یاساکەی بە زۆرینەی دەنگ بۆ ئەوە گەڕاندوەتەوە کە لەکاتی دروستکردنی دادگای فیدڕاڵی و پەسەندکردنی یاساکەیدا، بەزۆرینەی دەنگ تێپەڕیوون.
دوای چەندین مانگ لەکۆبوونەوە، ململانێ و گفتوگۆی لایەنەکان لەسەر یاسای دادگای فیدڕاڵ دواجار ئەمشەو پەرلەمانی عێراق لەکۆبوونەوەیەکەدا هەمواری نوێی یاساکەی پەسەندکرد.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە 9 ئەندام پێکهاتوە؛ 3 شیعە، 2 کورد، 2 سوننە و تورکمانێک و کریستیانێک، بەڵام ئێستا دو ئەندامی دادگاکە نەماون، بۆیە دادگاکە ناتوانێت کۆببێتەوە و بڕیاربدات، چونکە بەپێی یاسای دادگاکە، دادگای فیدراڵ دەبێ بە ئامادەبون و بەشداربونی سەرۆک و هەمو ئەندامانی کۆببێتەوە و بڕیاربدات.
بەپێی ماددەی 93ـی دەستوری عێراق، دادگای فیدراڵ 8 ئەرکی سەرەکی هەیە، کە دیارترینیان پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، کە بڕیارە هەڵبژاردنی ئەمساڵی لە 10ـی تشرینی یەکەمی داهاتودا بەڕێوەبچێت.
هـ.هـ
PM:09:33:18/03/2021
ئهم بابهته 9996
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت