سۆران عومەر: ژمارەی بێسەروشوێنەکانی دوای شەڕی ناوخۆ زیاترە لە ژمارەی ئەو کەسانەی لە شەڕی ناوخۆدا بێسەروشوێن بوون
وێستگە نیوز-
دوێنی هەینی 30 ی ئاب رۆژی جیهانی بێسەروشوێنەکان بوو خاچی سووری نێودەوڵەتیش رایگەیاند سەدان هەزار عیراقی بێسەروشوێنن، پەرلەمانتارێکی کوردستانیش دەڵێت، ژمارەی بێسەروشوێنەکانی دوای شەڕی ناوخۆ زیاترە لە ژمارەی ئەو کەسانەی لە شەڕی ناوخۆدا بێسەروشوێن بوون.
گوڵستان سەعید، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان و جێگری سەرۆکی لیژنهى کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكى كردن له مافی ئافرهت و مافی مرۆڤ بە وێستگە نیوز-ی راگەیاند، لە وەرزی یەکەمی یاسادانانی پەرلەمان واتە خولی هاوینە کە ئەمڕۆ کۆتایی پێهات تەنها یاسایەک و چەند بڕیارێک دەرکراوە لەگەڵ متمانەدان بە حکومەت، سەبارەت بە هیچ بابەتێکی تر کۆبوونەوە نەکراوە یاخود یاسایەک دەرنەکراوە.
وتیشی، "پێویستە لە خولی پاییزەی پەرلەمان هەوڵبدرێت زۆرترین یاسا دەربکرێن، سەبارەت بە کەیسی بێسەروشوێنان و دیاریکردنی چارەنوسیان پێویستە کاربکرێت چونکە بەردەوام کەسوکاریان لە چاوەڕوانیەکی قووڵدان ، ئەرکی پەرلەمانە هەوڵی جدی لەم بارەیەوە بدات"
ئاماژەی بەوەشکرد، لە خولی هاوینەدا هیچ کۆبوونەوە یان بەدواداچوونێکی لیژنەی مافی مرۆڤ تایبەت نەبووە بە کەیسی بێسەروشوێنان بەڵام بێگومان گرنگە لەم خولی پاییزەدا گفتوگۆ و دانیشتنی لەسەر بکرێت.
لای خۆشیەوە سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمان لەسەر لیستی کۆمەڵی ئیسلامی و سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بە وێستگە نیوزی راگەیاند، بێسەروشوێنان تەنها بێسەروشوێنەکانی شەڕی ناوخۆ ناگرێتەوە چونکە ژمارەی ئەو کەسانەی دوای شەڕی ناوخۆ بێسەروشوێنن زیاترە لە بێسەروشوێنانی شەڕی ناوخۆ.
سەبارەت بە وردەکاری کارکردنی خولەکانی پێشووی پەرلەمان سەبارەت بەم کەیسە ئاماژەی بەوەکرد، خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2011 پرۆژەیەکی داوە بە ئەنجومەنی وەزیران بۆ دیاریکردنی چارەنوسی بێسەروشوێن کراوەکان و ئەنجومەنی وەزیرانیش ئەوکاتە ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی کردووە.
وتیشی، " لە خولی چوارەمدا بە دوای ئەو پرۆژەیەدا چووم و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانم کردەوە و داوامان کرد وەڵام بدرێینەوە ئەوەبوو وەزیری ناوخۆ وەڵامی دایەوە بە ژمارە 8205 لە مانگی 4 ی 2015 و دەڵێت سەبارەت بە ناوەڕۆکی داواکەتان پێویستە پەرلەمانی کوردستان بڕیارێک دەربکات بۆ بە شەهیدناساندنی سەرجەم بێسەروشوێنەکان کەسوکارەکانیانیشیان هەموو مافێکی شەهیدانە وەربگرن.
ئەوەشی وت، "کە ئەم وەڵامەمان پێگەیشت و بڵاومان کردەوە و رامانگەیاند حکومەتی هەرێم دان بە نەمانی بێسەروشوێنەکاندا دەنێت ئەمەش کەسوکاریان پێی رازی نابن چونکە دەڵێن ئەگەر کوژراون ئەوە بە ناهەقە چونکە هیچ یاسایەک نیە بۆ دەستگیرکردنیان ئەگەریش مردوون ئەی کوا تەرمەکانیان، کێ کوشتوونی و تەرمەکانیانمان بدەنەوە، هەر ئەوکاتەش کەسوکاریان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا لەبەردەم پەرلەمان و زۆر نیگەران بوون کە ئێمە چاومان پێیان کەوت".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە بەپێی مادەی 54 بڕگەی 2 خاڵی 2 ئێمە دوامان کرد وەزیری ناوخۆ بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت، ئەم پرسە لە مانگی 5 ی 2015 وە دەستمانکرد بە کارکردن لەسەری و حکومەت زۆر رێی پێنەدەداین و تا رادەیەکیش لەوە پەشیمان بوو کە بە نوسراو وەڵامی داوینەتەوە چونکە خەڵک داوای تەرمەکانیان دەکرد، ئیتر لە دوای ئەوە ئەوەبوو پەرلەمان پەک خرا و کارکردن لە ئەو کەیسە وەستا.
سۆران عومەر ئەوەشی بۆ وێستگە نیوز ئاشکرا کرد ژمارەی بێسەروشوێنبەکانی شەڕی ناوخۆ زیاتر لە 500 کەسن، دوای شەری ناوخۆش خەڵکێکی زۆر بێسەروشووێنە کە ژمارەیان زیاترە لە بێسەروشوێنەکانی شەڕی ناوخۆ.
PM:04:23:31/08/2019
ئهم بابهته 4844
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت