یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی‌ پارتی‌ بۆ سه‌ردانی‌ وه‌فدی‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانی‌ بۆ به‌غدا


وێستگه‌ نیوز- پشتیوان جه‌مال
په‌رله‌مانتارێكی‌ پارتی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق سه‌ردانی‌ وه‌فدی‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ و هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌ و دادپه‌روه‌ری‌ بۆ به‌غدا به‌ كارێكی‌ "خراپ" ده‌زانێت و پێیوایه‌ ده‌ره‌نجامیشی‌ نابێت.

ئیسلام حسێن، په‌رله‌مانتاری‌ پارتی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق به‌وێستگه‌ نیوزی‌ راگه‌یاند، هاتنی‌ شاندی گۆڕان و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ و هاوپه‌یمانی‌ بۆ به‌غدا به‌بێ كۆده‌نگی‌ كوردی‌ و حكومه‌تی‌ هه‌رێم كارێكی‌ خراپه‌، چونكه‌ هه‌ر وه‌فدێكی‌ كوردی‌ بێنه‌ به‌غدا بێ كۆده‌نگی‌ كوردی‌ و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان خراپه‌ و عه‌بادیش زۆر ئیش له‌سه‌ر ئه‌و جیاوازی‌ بۆچوونه‌ی‌ ناو هه‌رێم ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ ناته‌بایی‌ زیاتر په‌یدا ببێت و به‌غدا وه‌ك به‌دیل بۆ حكومه‌تی‌ هه‌ریمی‌ كوردستان ده‌یبینن.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ هاتنی‌ ئه‌و وه‌فده‌ بۆ به‌غدا ئه‌نجامی‌ ده‌بێت، ئیسلام حسێن وتی‌ "باوه‌ڕ ناكه‌م ئه‌نجامی‌ هه‌بێت، چونكه‌ له‌م دواییانه‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا بانگهێشتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌ و ده‌یانه‌وێت پشتگیری‌ بكه‌ن له‌ عیراقێكی‌ یه‌كگرتووتدا، نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ن، بۆیه‌ سه‌ردانی‌ ئه‌و وه‌فده‌ موزایه‌ده‌یه‌".

پێشتر ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: وه‌فدێكی هاوبه‌شی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری، به‌ره‌و به‌غدا به‌ڕێكه‌وتوون و كه‌مێكی دیكه‌ ده‌گه‌نه‌ به‌غدا.

وتیشی: "من و محه‌مه‌د حه‌كیم له‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامین، شۆڕش حاجی‌  و د. ره‌ئوف عوسمان، له‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، خانم حه‌مه‌ ره‌حیم و حه‌سه‌ن جیهاد له‌ هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌ و دادپه‌روه‌رین و هه‌ر ئه‌مشه‌و ده‌ست به‌ كۆبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ین و به‌رنامه‌ی كاری كۆبوونه‌وه‌كانمان داده‌نێین".

ئه‌وه‌شی وت: "وه‌فده‌ گفتوۆ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌كات، كه‌له‌ ناوه‌نده‌كانی بڕیاردان، له‌وانه‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكار و یاسادان و ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌ی له‌ پێگه‌كانی حوكمڕانیدان له‌ عیراق".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: وه‌فده‌ هاوبه‌شه‌كه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر دۆخی‌ هه‌رێم  و عیراق و په‌یوه‌ندیی و كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی‌ عیراق و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بودجه‌ی هه‌رێم و پرسی هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوك و كێشه‌ی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ تاووتوێ ده‌كرێن.

ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، كه‌ بۆ پێشوازی له‌ وه‌فده‌ هاوبه‌شه‌كه‌ به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا به‌ڕێگاوه‌بوو ئه‌وه‌شی وت: "یه‌كێكی دیكه‌ له‌ ته‌وه‌ری كۆبوونه‌وه‌كان پرسی ته‌وافووقی سیاسی و زۆرینه‌و كه‌مینه‌ ده‌بێت، چونكه‌ عیراق له‌سه‌ر بنه‌مایه‌ك دامه‌زراوه‌ كه‌ پرسه‌كان به‌ ته‌وافوق یه‌كلایی بكرێنه‌وه‌ نه‌ك زۆرینه‌و كه‌مینه‌".

هاوكات د. رێبوار كه‌ریم، وته‌بێژی‌ هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌ و دادپه‌روه‌ری‌ به‌ وێستگه‌ نیوزی‌ راگه‌یاند، به‌و پێیه‌ی‌ پێشتر هه‌وڵیان داوه‌ رێكخستنێك هه‌بێت له‌ جۆری‌ گوتار و په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان، چاوه‌ڕێن ئه‌و وه‌فده‌ ئه‌نجامی‌ ئیجابی‌ بێت و له‌ خزمه‌تی‌ خه‌ڵكدا بێت .

روونیشیكرده‌وه‌: بڕیاره‌ وه‌فده‌كه‌ لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیدار به‌ حكومه‌تی‌ عیراقی‌  و هێزه‌ سیاسییه‌كانیش ببینن.


هــ. ر


PM:08:50:03/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 38515 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو