رێکارەکانی زەیدی و ئەگەری دابەزینی نرخی سووتەمەنی لە هەرێم

‌

وێستگەنیوز- ئارام عەلی


رێکارەکانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکان و رێگریکردن لە بەقاچاخبردنی نەوت، ئەگەری دابەزینی نرخی سوتەمەنی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا هێناوەتە ئاراوە بەهۆی مانەوەی بڕێکی زۆری سووتەمەنی لە ناوخۆدا و نەبوونی رێگەی چوونەدەرەوە، ئەم پێشهاتە ئابوورییە هاوکاتە لەگەڵ جموجۆڵ و لێدوانە سیاسییەکانی بەغدا و لایەنە کوردستانییەکان کە چاویان لەسەر کۆبوونەوە نیشتمانییەکەی 1ـیکانوونی یەکەمە بۆ یەکلاکردنەوەی داهاتووی دۆسیەکە.

داخستنی دەروازە نافەرمییەکان و رێگری لە چوونەدەرەوەی تانکەرەکانی نەوت و بەرهەمەکانی، وا دەکات لە مەودای نزیکدا بازرگان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ کەمکردنەوەی زیان و هێشتنەوەی سەرمایەکانیان لە جووڵەدا، ناچار بن ئەو بڕە زۆرەی سووتەمەنی لە ناوخۆی هەرێمدا ساغ بکەنەوە، زۆربوونی خستنەڕوو وێستگەکانی سووتەمەنی دەخاتە ناو رکابەرییەوە بۆ راکێشانی شۆفێران و فشارێکی راستەوخۆ بۆ دابەزینی نرخی سوتەمەنی دروست دەکات.

لە مەودای دوورتریشدا، ئەگەر کێڵگە و پاڵاوگەکان بکەونە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دابین بکرێت، هاوشان لەگەڵ بڕیارەکانی یەکخستنی پێناسی گومرگی بە رێژەی (%5) و دابەزینی بەهای دۆلاریش، کاریگەریی بەرچاوی لەسەر کەمبوونەوەی تێچووی هاوردەکردن، دابەزینی نرخی کۆتایی و باشتربوونی کوالێتی دەبێت.

ئەم ململانێیانە لە کاتێکدایە کە نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، بە جۆرێک نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە پارێزگاکانی عێراق تەنیا 450دینارە، بەنزینی موحەسەن بە 850 دینارە و بەنزینی سوپەر بە 1,250 دینارە، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان نرخی لیترێک بەنزینی بازرگانیی نۆرماڵ لە نێوان 1,150 بۆ 1,250 دینار، موحەسەن بە 1,400 بۆ 1,450 دینار و سوپەر دەگاتە 1,600 بۆ 1,750 دینار (تەنیا بەنزینی پاڵپشتیکراوی سنووردار بە 750دینارە).

هەروەها جیاوازییەکە لە نەوتی سپی و گازوایلیشدا بە هەمان شێوە زۆرە، لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بەرمیلێک نەوتی سپی (200 لیتری) بە نرخی فەرمی و پاڵپشتیکراو تەنیا بە 30 هەزار دینار (لیترێک بە 150 دینار) دەدرێتە هاووڵاتییان و لیترێک گازوایل بە 400 دینارە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی لە بازاڕدا نزیکەی 300 هەزار دینارە و تەنانەت نەوتە پاڵپشتیکراوەکەی حکومەتی هەرێمیش بۆ 200 لیتر زیاتر لە 103هەزار دینارە (واتە زیاتر لە سێ هێندەی نرخی فەرمیی بەغدا).

بازاڕی سووتەمەنی و لایەنە ئابووری و سیاسییەکان چاوەڕوانی دەرەنجامی دانوستانە چاوەڕوانکراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدان، بەتایبەت کۆبوونەوە نیشتمانییەکەی رۆژی سێشەممە (1ـی کانوونی یەکەم)، کە ئاڕاستەی بەردەوامیی رێکارەکانی بەغدا یان گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێی کارگێڕی لەسەر دەروازە و کێڵگە نەوتییەکان یەکلا دەکاتەوە.


PM:11:10:29/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو