رێکخراوی CDO لە سلێمانی یەکەمین داتا بانکی بەشداریی ژنانی راگەیاند

‌

وێستگەنیوز- ئارام عەلی

رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت (CDO) ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـیتشرینی دووەمی 2026، لە شاری سلێمانی ئیڤێنتێکی تایبەتی بۆ راگەیاندنی (داتا بانکی بەشداریی ژنان) بەڕێوەبرد کە یەکەمین داتا بانکی لە جۆری خۆیەتی لە عێراقدا و رێژەی بەشداری ژنان لە دەزگا و بوارە جیاوازەکاندا دەخاتەڕوو، ئیڤێنتەکە بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتی حکومی، سیاسی و پەرلەمانتاران بەڕێوەچوو.

بەختیار ئەحمەد، سەرۆکی رێکخراوی (CDO) لەبارەی گرنگی ئیڤێنتەکەوە ئاماژەی بەوەدا، ئەم داتا بانکە یەکەم جۆری داتا بانکە لە عێراقدا کە رێژەی بەشداری ژنان لە دەزگا جیاوازەکانی دەوڵەتدا بخاتەڕوو و بۆ هەمووان بەردەست بێت، هەروەها عەتا محەمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی رێکخراوی (CDO) لە دەستپێکی ئیڤێنتەکەدا رایگەیاند، لە ماوەی20 ساڵی رابردوودا بارودۆخی بەشداری ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردا جیاوازتر و بەرەوپێشتر چووە و هیواش بە داهاتوو زیاترە.

لە کۆتایی ئیڤێنتەکەدا شوان جەبار، بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای سلێمانی بابەتێکی لەسەر گرنگی داتا پێشکەشکرد و ئاماژەی بە چەند داتایەکی گەشی پارێزگای سلێمانی کرد، داتا بانکی بەشداری ژنان لەلایەن رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت دروستکراوە و داتاکانی بەشداری ژنان لە بوارەکانی دادوەری، حوکمڕانی، خوێندنی باڵا، پەروەردە، کۆمەڵی مەدەنی، میدیا و سەندیکاکان لەخۆدەگرێت.

ژوان سابیر، بەڕێوەبەری نووسینگەی قوباد تاڵەبانی و سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزار، باسی لە ستراتیژی حوکمڕانی و سیاسەتەکانی قوباد تاڵەبانی کرد بۆ زیادکردنی رێژەی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیار، هاوکات دادوەر کامەران رەسوڵ، نوێنەری دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی، رایگەیاند، سلێمانی لە ئێستادا یەکەمین پارێزگای عێراقە لە رووی ژمارەی دادوەری ژن و پێشبینی کرد لە داهاتوودا ژنان هەندێک لە سەرۆکایەتیی دادگا تایبەتمەندەکان بگرنە ئەستۆ.

فێنک شەفیق، بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی، هۆکاری رانەگەیاندنی داتای تووندوتیژی دژی ژنانی بۆ خراپ بەکارهێنانی داتاکان گەڕاندەوە.

دکتۆر خەتاب شێخانی، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئاماژەی بەوەدا، کە رێژەی ژنان بەراورد بە پیاوان لە سەرۆکایەتی و ئەنجومەنی زانکۆکان زۆر کەمترە، لە کاتێکدا مامۆستا چیا کەمال، نوێنەری پەروەردەی گشتیی سلێمانی، روونی کردەوە کە ژنان کۆڵەکەیەکی بەهێزی پەروەردەن لە سلێمانی و کەلێنەکە لەم بوارەدا کەمترە.


PM:10:47:29/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو