عەلی حەمە ساڵح: بەشێک لە سەرکردەکانی عێراق لە قاچاخی سووتەمەنیی کارگەکانەوە تێوەگلاون

‌

وێستگەنیوز-

عەلی حەمە ساڵح وردەکاریی هێڵێکی درێژی بەقاچاخبردنی سووتەمەنی لە شارەکانی عێراقەوە بە هەرێمی کوردستاندا بۆ بازاڕەکانی ئاسیا ئاشکرا دەکات و دەڵێت، لە رێگەی پشکی پاڵپشتیکراوی بەشێک لە کارگەکانەوە مانگانە 3.4 تا 5 ملیۆن بەرمیل نەوتی رەش بە قاچاخ براوە و لە بازگە و مەرزەکانی هەرێمیش پارەیان لێ وەرگیراوە.


عەلی حەمە ساڵح لە بەدواداچوونێکدا بە ناونیشانی "هێڵێکی درێژی قاچاخی" ئاماژەی بەوە کردووە، باسکردنی ئەم هێڵە بە مانای داپۆشینی قاچاخچێتییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو هەڵدانەوەی ئەم فایلەش گرنگە کە تێیدا تانکەرەکان لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە بە فێڵ هەموو بازگەکانیان دەبڕی و بە هەرێمدا تێدەپەڕین.

بە وتەی عەلی حەمە ساڵح، نزیکەی 2000 کارگە (خشت، گەچ، ئەسفەڵت، چیمەنتۆ و ئاسن...) لە عێراق بە نرخی پاڵپشتیکراو نەوتی رەش، گازوایل و نەوتی سپییان پێ دەدرا، بەڵام زۆرێکیان لەبری بەکارهێنانی لە پیشەسازیدا تەنها دەیانفرۆشتەوە؛ ئەمەش لە کابینەی پێشووی عێراقدا بە تێوەگلانی بەشێک لە سەرکردەکان گەیشتە لوتکە. وەک نموونەش، لە ساڵی 2024ـدا تۆنێکیان بە 100 تا 150 دۆلار وەردەگرت و لە دەرەوە بە زیاتر لە 500 دۆلار دەیانفرۆشتەوە، بە جۆرێک کارگە هەبوو رۆژانە 31 بارهەڵگر (1000 تۆن، لە کاتێکدا تەنها پێویستیی بە 300 تۆن بوو)ـی وەردەگرت و لە رێگەی هەرێمەوە دەیبردە دەرەوە و رۆژانە 350 هەزار دۆلار قازانجی دەکرد.

هەروەها روونی کردووەتەوە، مانگانە 500 تا 750 هەزار تۆن نەوتی رەش (نزیکەی 3.4 تا 5 ملیۆن بەرمیل) دەگوازرایەوە و بازاڕی سەرەکیی ئاسیا بوو؛ وەک نموونەش ئاماژەی بە دوو کارگەی ئەسفەڵت بە ناوەکانی (ئەعالی ئەلفوڕات و ئەلزێدان) کردووە کە مانگانە 16 ملیۆن لیتر نەوتی رەشیان وەردەگرت، هاوکات جەختیشی کردووەتەوە کە بەشێک لە کارگەکان بە باشی کاریان کردووە و گەندەڵییان تێدا نییە و گرنگە لەیەکتر جیا بکرێنەوە.

لەبارەی رێگەپێدانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، عەلی حەمە ساڵح نووسیویەتی: "هەر یەک لەم تانکەرانە دەهاتنە سنووری هەرێم، بە ناوی (تەنسیق) هەر یەکە و لە بازگەکە 500 دۆلاری لێ وەردەگیرا بۆ حزب و بەرپرس، دواتر دەگەیشتنە خاڵی سنووری و بە ناوی مەنەفێستەوە بۆ هەر بارهەڵگرێک 1200 دۆلار بۆ کۆمپانیا وەردەگیرا."


AM:11:55:29/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو