سەرۆکی شارەوانیی هەولێر: مۆڵەتی هەر پڕۆژەیەک لەسەر ئاوەڕۆکان هەڵدەوەشێنینەوە

‌

وێستگەنیوز- فیردەوس دڵشاد

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە وێستگەنیوزی راگەیاند، خۆیان بۆ بارانێکی باش ئامادە کردووە و بە هەموو شێوازێک لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆکانی هەولێر لەسەر هێڵن بۆ ئەنجامدانی تەواوی کارەکانی رێگریکردن لە ئەگەری روودانی لافاو.


کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر لە لێدوانێکدا بە هەڵبەست ئیبراهیم پەیامنێری وێستگەنیوزی راگەیاند: خۆمان بۆ بارانێکی باش ئامادە کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد کە بە هەموو شێوازێک لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆکانی هەولێر لەسەر هێڵن و هەموو کارەکانیان ئەنجام داوە بۆ رێگریکردن لە ئەگەری روودانی لافاو.

سەبارەت بە هەنگاوەکانیان، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر روونی کردەوە کە هەوڵەکانیان بریتییە لە پاککردنەوەی ئاوەڕۆکان لە زبڵ و خاشاک، هەروەها دروستکردنی پۆند و کەند لە دەوروبەری هەولێر، بە تایبەت لەو ناوچانەی بەرزن و ئاوەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ ناو شار.

کارزان عەبدولهادی جەختی کردەوە لەوەی مۆڵەت نادەن بە هیچ پڕۆژەیەک کە بیەوێت لەسەر شوێنی ئاوەڕۆ دروست بکرێت و وتیشی: ئەگەر مۆڵەتیش درابێت، هەڵیدەوەشێنینەوە.

لەبارەی توانای دارایی و جێبەجێکردنی کارەکانیشەوە، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئەوەی خستە ڕوو کە لەگەڵ پارێزگای هەولێر بودجەیەکی سنوورداریان هەیە و توانیویانە تا ئاستێکی باش کار بکەن.


AM:10:11:29/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو