کەناڵی عێراقییە هەواڵەکەی لەسەر دەروازەی پەروێزخان راستکردەوە و داوای لێبوردنی لە هەرێمی کوردستان کرد
وێستگەنیوز- بابان عومەر
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێکی ناڕاست لە تۆڕی هەواڵی عێراقییە لەبارەی دۆزینەوەی بۆرییەکی نەوتی قاچاخ لە نزیک دەروازەی پەروێزخان، کەناڵەکە ناوی هەرێمی کوردستانی لە هەواڵەکە سڕییەوە، پۆستەکەی دەستکاری کرد و داوای لێبوردنی کرد.
ئەمڕۆ شەممە 28ی تشرینی دووەمی 2026، تۆڕی هەواڵی عێراقییە لە هەواڵێکدا کە بە ڤیدیۆ و ژمارەیەک وێنەوە لە پەیجی خۆی بڵاویکردبووەوە، رایگەیاندبوو، دەستبەسەر شوێنێک و بۆرییەکی گواستنەوەی نەوتی قاچاخدا گیراوە لە ناوچەی نزیک مەرزی پەروێزخان لە نێوان عێراق و ئێران، هاوکات ئاماژەی بەوە دابوو کە گوایە ئەو شوێنە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە و بە قاچاخ لەو شوێنەوە نەوت هەناردە دەکرێت.
سەبارەت بەو هەواڵە، دانەر عەبدولغەفار، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەو هەواڵەی لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە لە تۆڕی هەواڵی عێراقییە و چەند کەناڵ و پێگەیەکی دیکەی عەرەبی و جیهانیدا بڵاوکراوەتەوە، "ناڕاست و بێ بنەمایە و هیچ پەیوەندییەکی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە".
وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی ئاشکرایکرد، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، پەیوەندی بە بەڕێوەبەری کەناڵی عێراقییەوە کردووە و پێی راگەیاندوون کە هەواڵەکە ناڕاستە و ئەو شوێنەی لە بڵاوکراوەکەی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا هاتووە پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، دوای راستکردنەوەی هەواڵەکەش ناوی هەرێم سڕاوەتەوە و کەناڵەکە داوای لێبوردنی کردووە و پۆستەکەی راستکردووەتەوە کە شوێنەکە لە یەکێک لە پارێزگاکانی عێراقە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، دوای تێپەڕبوونی کاتژمێرێک بەسەر بڵاوکردنەوەی پۆستەکەدا، پەیجی کەناڵی عێراقییە پۆستەکەی دەستکاری کرد و نووسی، "فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین بەدواداچوون بۆ بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت لە کێڵگەی عەجیلەوە بۆ پاڵاوگەی بێجی دەکات".
لە لایەکی دیکەوە، دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان وەڵامی ئەو پەیج و ئەکاونتانەی دایەوە کە بەمەبەستی ناشیرینکردنی دەروازەکە دەنگۆی دۆزینەوەی بۆریی نەوتی قاچاخیان لە پەروێزخان بڵاوکردبووەوە، و رایگەیاند سەرجەم ئەو دەنگۆ و بوختانانە رەتدەکەنەوە و بەدرۆی دەخەنەوە.
دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان بۆ هاونیشتمانییانی دووپاتکردووەتەوە کە ئەو هەواڵەی وەزارەتی بەرگریی عێراق لەبارەی دۆزینەوەی بۆریی نەوتی قاچاخ بڵاویکردووەتەوە لە پارێزگای سەڵاحەدین بووە و لە هەواڵەکەی وەزارەتی بەرگریی عێراقیشدا بە روونی ئاماژەی پێکراوە، داواشی لەو کەسانە کردووە کە دەیانەوێت هاووڵاتیان چەواشە بکەن، بەرپرسیارانە و پیشەییانە مامەڵە بکەن و پێش بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێک بەدواداچوون بکەن و لە راستی و دروستیی هەواڵەکە بکۆڵنەوە.
PM:11:35:28/11/2026
ئهم بابهته 56
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت