دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان روونکردنەوە دەدات و دەنگۆی دۆزینەوەی بۆریی نەوتی قاچاخ رەتدەکاتەوە
وێستگەنیوز- بابان عومەر
راگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان، روونکردنەوەیەکی لەبارەی دەنگۆی دۆزینەوەی بۆریی نەوتی قاچاخ لە دەروازەکە بڵاوکردەوە و سەرجەم ئەو زانیارییانەی رەتکردەوە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی چەند پەیج و ئەکاونتێک "بەمەبەستی ناشیرینکردنی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان"
دەنگۆیەکیان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دەڵێن گوایە بۆریی نەوتی قاچاخ لە دەروازەی پەروێزخان لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە دۆزراوەتەوە، هەموو لایەک ئاگادار دەکەنەوە کە سەرجەم ئەو "دەنگۆ و بوختانانە" رەتدەکەنەوە و بەدرۆی دەخەنەوە.
دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان بە هاونیشتمانییان رادەگەیەنێت کە ئەو هەواڵەی وەزارەتی بەرگریی عێراق لەبارەی دۆزینەوەی بۆریی نەوتی قاچاخ بڵاویکردووەتەوە، لە پارێزگای سەڵاحەدین بووە و لە هەواڵەکەی وەزارەتی بەرگریی عێراقیشدا بە روونی ئاماژەی پێکراوە.
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو کەسانەی بەمەبەست دەیانەوێت هاووڵاتیان چەواشە بکەن، نایانەوێت رووداوەکان وەک خۆی بگات بە هاونیشتمانییان، هەر بۆیە هیوایان خواستووە ئەو کەسانەی لەپشت بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانەوەن، بەرپرسیارانە و پیشەییانە مامەڵە بکەن و پێش بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێک بەدواداچوون بکەن و لە راستی و دروستیی هەواڵەکە بکۆڵنەوە.
PM:10:27:28/11/2026
ئهم بابهته 180
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت