دوای 6 مانگ لە رووداوەکەی یاد سەرباز، باوکی پەیامێکی ناڕەزایی ئاراستەی دەزگا ئەمنییەکان دەکات
وێستگەنیوز- بابان عومەر
ئەمڕۆ 28ی تشرینی دووەمی 2026، کە 6 مانگی تەواو بەسەر ونبوونی یاد سەربازی تەمەن 3 ساڵ و نیودا تێدەپەڕێت، باوکی یاد لە پەیامێکدا لە فەیسبووک رەخنەی توندی لە بێدەنگیی لایەنە ئەمنییەکان گرت.
یاد سەرباز لە رۆژی 28/5/2026، لە کاتێکدا خێزانەکەی لە شاری هەولێرەوە سەردانی ماڵی باپیریان کردبوو لە گوندی ئێنزێ لە بناری قەندیل، ونبوو، دواتر لە رۆژی 12ی حوزەیرانی 2026، دوای گەڕانێکی زۆر لە ناوچەکە، ئێسک و پروسک و پاشماوەی تەرمێک لە بناری قەندیل دۆزرانەوە کە کەسوکارەکەی لە رێگەی جلوبەرگ و نیشانەکانەوە ناسییانەوە و دوای رەوانەکردنی بۆ سلێمانی و ئەنجامدانی پشکنینی DNA، رایانگەیاند کە ئەو ئێسک و پروسکە هی یاد سەربازە.
بەڵام ئەمڕۆ باوکی یاد لە فەیسبووک ئاماژەی بەوەداوە، "ئەمڕۆ شەممە 6 مانگی رێکە، کە یادی کوڕم لە 28/5/2026 لە گوندی ئێنزێی بناری قەندیل رفێندرا و تا ئەم دەقەیەش برادەرانی قەندیل و دەزگا ئەمنییەکانی راپەڕین و سلێمانی لێی بێدەنگن و هیچ قسەیەکیان یان سەرەداوێکیان لە دەستی ئێمە نەناوە".
باوکی یاد سەرباز جەختی لەوەش کردووەتەوە کە "تاوانباریش ئازاد کراوە و بە ئازادی خۆی دەسووڕێتەوە، ئێمەش لە دەروونییەکی زۆر خراپدا شەو و رۆژ بەڕێ دەکەین".
ناوبراو پەیامەکەی ئاراستەی برادەرانی قەندیل و دەزگا ئەمنییەکانی راپەڕین و سلێمانی کردووە و دەڵێت: "لەو دەقەیەوە هەرچی رووبدات ئێوە لێی بەرپرسن، چونکە بە ئاشکرا دیارە دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی و راپەڕین و قەندیل حەق بە ئێمە ناڵێن و هەموو شتێک لایان ئاشکرایە، بەڵام حەق بە ئێمە نادەن و ناڵێن".
باوکی یاد بە بیر لایەنە ئەمنییەکانیشی هێناوەتەوە کە وەک پێشتر پێی راگەیاندوون، "ئەو گوێزەی باسی دەکەن کاکڵەکەی لە گیرفانی مندایە و خەیاڵتان خاوە بێدەنگ بم"، لە کۆتاییشدا لایەنەکان حەواڵەی خوای گەورە دەکات و هانای بۆ دەبات بۆ ئەوەی ئەو زوڵم و ناعەدالەتییە قبووڵ نەکات.
PM:08:54:28/11/2026
ئهم بابهته 512
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت