محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
وێستگەنیوز- بابان عومەر
محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات لەسەر کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە سلێمانی هەڵوێستی خۆی راگەیاند و رەخنەی توندی لە کات و پاڵنەرەکانی کۆبوونەوەکە و داخستنی مەرزەکانی هەرێمی کوردستان گرت.
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات لە پەیامێکدا کە بە مێژووی 2026/11/28 لە گوڵەخانەوە بڵاویکردووەتەوە، دەپرسێت: "باشتر نەبوو 2 ساڵ پێش ئێستا کۆببوونایەتەوە لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا، نەک ئێستا لەپێناو بەرژەوەندیی حزبیدا و لە ژێر فشاری بەغدا و عەلی زەیدیدا؟".
محەمەد حاجی مەحمود ئاماژەی بەوەداوە کە راگەیاندنە حزبی و سێبەرەکانی حزب هەواڵی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەکێتی و پارتییان لە سلێمانی بڵاوکردووەتەوە و وتی: "لای من کۆبوونەوەیەک لە ژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی ئەوتۆی نییە و نابێت، لە کاتێکدا ئەمڕۆ بە فشاری ئەمەریکا و زەیدی، مەرزی پشتە و بەمۆ و تەوێڵە و شوشمێ، بە کورد خۆی دادەخرێت".
بە بڕوای ناوبراو، فشارەکەی ئەمەریکا لەسەر حکومەتی عێراقییە و عەلی زەیدی لە ترسی هێزەکانی حەشدی شەعبی ناوێرێت دەست بۆ مەرزەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ببات، بۆیە هەرێمی کوردستانی لا ئاسانتر و بێدەسەڵاتتر بووە و لە رێگای حزبەکانی دەسەڵاتەوە مەرزی تەوێڵە و پشتە دادەخات، کە وەک خۆی دەڵێت: "لە بنەڕەتدا فەرمان و پلانی ئەمەریکایە لە دژی ئێران، بەڵام زەرەرمەندی یەکەم کورد و خەڵکی کوردستانە".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر دۆخی گوزەرانی هاووڵاتیان و رایگەیاندووە، لە کاتێکدا بەنزین و گاز و غاز و سووتەمەنی چەند قات گران بووە و پێداویستیی خەڵک بە هەموو جۆرەکانییەوە گران بووە و کارەبا بووەتە بارگرانی و خەڵک بە دەست قورسیی ژیانەوە دەناڵێنن، تەنها مەرزەکان مابوون کە هیوایەکیان بۆ ژیانی خەڵک تێدا بوو، و بەهۆی داخستنیانەوە چەند هەزار هاووڵاتی و خێزانێک کە ئیش و کاسبییان لەسەریان بوو، هەموویان بێ ئیش دەمێننەوە.
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات جەختیشی کردووەتەوە کە بە داخستنی هەموو مەرزەکان حزبی سۆسیالیست دینارێک زەرەر ناکات و بە داخستنی هەموو بانکەکانیش سۆسیالیست دۆلارێک زیان ناکات، هاوکات ئاماژەی بەوەشداوە کە "4 هاونیشتمانیی ئەم کوردستانە کە سەر بە سۆسیالیست بوون، حەماڵییان دەکرد لە مەرزی باشماخ، کە زانیان سۆسیالیستن، هەر 4ـیان دەرکردن و حەماڵیشیان پێ رەوا نەبینین".
محەمەد حاجی مەحمود داخستنی مەرزەکانی بە "خەنجەرێکی ژەهراوی" ناوبردووە کە لە عەموودی فەقەری هەرێمی کوردستان و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەدرێت، داواشی لە خەڵکی کوردستان کردووە "ئەم تاوانانە قبووڵ نەکەن، چونکە شتی خراپتر و چارەنووسسازتر بۆ کوردستان بەڕێوەیە".
لە کۆتاییشدا هیوای خواستووە یەکێتی و پارتی هەڵوێستێکی نەتەوەیی و نیشتمانییان هەبێت، نەچنە ژێر باری فشارەکان و خزمەتی کاربەدەستان لە بەغدا، و نموونەی بە حوسییەکانی یەمەن هێناوەتەوە کە بە وتەی ئەو "بە جووتێک نەعل و کڵاشینکۆفێکەوە بەرگری لە خۆیان دەکەن، بەڵام بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە سەردەکەون".
PM:05:16:28/11/2026
ئهم بابهته 764
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت